وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان به‌دواداچوون بۆ جێبه‌جێ كردنی پێشنیازی جێگیركردنی هه‌ورامی له پرۆگرامی خوێندن ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له دیوانی وه‌زاره‌ت، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (11ی ئهیلوول/ سێپتێمبه‌ری 2022)، سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی به به‌شداری به‌شێك له ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌ت كرد و تێیدا به‌دواداچوون بۆ پرسی جێگیركردنی هه‌ورامی له پرۆگرامی خوێندنی هه‌ورامان كرا.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌دواداچوون له باره‌ی ژماره‌یه‌ك پێشنیازی گرنگ كران و پێشوه‌چوونی كاره‌كانیان هه‌ڵسه‌نگێندران.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه: هه‌ریه‌ك له پێشنیازه‌كانی جێگیرکردنی ھەورامی لەناو پڕۆگرامی خوێندندا لەناوچە ھەورامی نشینەکاندا، ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ھەژمار نەکردنی زمانی کوردی لەقۆناغی 12 دوازدەی ئامادەیی و هه‌روه‌ها گەڕاندنەوەی بەڵگەنامە و دەستنووسە کوردییه‌کان لەبەغداوه بۆ ھەرێمی کوردستان.
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، دوای گفتوگۆی پێویست له باره‌ی ته‌وه‌ره‌كانه‌وه و وه‌رگرتنی بۆچوونی به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه، راسپارده و رێنمایی پێویست دران به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پێشنیازه‌كان.
هه‌ورامی له كۆمه‌ڵه‌ی زاره‌كانی گۆرانه كه به ماچۆ ناوده‌برێن و به گوێره‌ی بۆچوونی مێژوونووسان و زمانناسانی كورد و بیانی به‌شێكه له پێكهێنه‌ره‌كانی زمانی كوردی و ئاخێوه‌رانی له سنووری شارۆچكه‌ی ته‌وێڵه و ناحیه‌ی بیاره و خورماڵ، كه به هه‌ورامان ده‌ناسرێت بڵاوبوونه‌ته‌وه و به هۆی كۆچی زۆره‌ملێ و وێرانكردنی گونده‌كانه‌وه له كۆتایی ده‌یه‌ی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، خه‌ڵكه‌كه‌یان پهرتوبڵاوبوونه.
