مەسرور بارزانی: هەوڵدەدەین ژێرخانێکی پتەوی ئابووری لە کوردستان دروست بکەین

"سەرەڕای ئەو قەیرانانە توانیمان خۆڕاگربین و لەسەر پێی خۆمان بوەستین"
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەوڵدەدەن ژێرخانێکی پتەوی ئابووری لە کوردستان دروست بکەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا هەست بە بەرهەم و ئاسەوارەکانی دەکرێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قوتابخانەی ئەیلوول لە قەزای بەردەڕەش، زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و لە گوتارێکدا گوتی: "پیرۆزبایی لە هەموو قوتابیانی خۆشەویست دەکەم بۆ دەستپێکی ساڵێکی نوێی خوێندن، ئومێدەوارم هەمووتان ساڵێکی نوێی سەرکەوتوو تەواو بکەن، بۆ ئەو قوتابیانەی ئەمساڵ دێنە قوتابخانە قۆناغێکی نوێی ژیان دەستپێدەکات، بۆ قوتابیانی دیکەش کە لە ساڵانی رابردوو بەردەوام بوون لە خوێندن، ئەمە درێژەپێدەری ئەو پرۆسەی خوێندنە کە هەموومان پێویستمان پێیە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی زیرەک و تێگەیشتوو، بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا زیاتر خزمەتی گەل و نیشتمان بکەن".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "سوپاسێکی بێ پایەنی مامۆستایان دەکەم، کە لەم دوو ساڵەی رابردوو بە لە خۆبوردویی و ئەرکی بێوچانەوە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بکەن، نەیانهێشت قەیرانەکان خوێندن پەکبخەن، بەردەوامی ئەوان وایکردووە لە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بین، سوپاسی کەسوکاری قوتابیان دەکەم کە یارمەتی منداڵەکانیاندا بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بن، سوپاسی وەزارەتی پەروەردە و ئەو بەرپرسانە دەکەم کە هاوکاربوون بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندن".

مەسرور بارزانی، لە بەشێکی گوتارەکەیدا، رایگەیاند: "دەزانم لەم دوو ساڵەی رابردوو رووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە، لەم دواییەش چەندین قەیرانی دیکە لە جیهان سەریان هەڵەدا، کە بوونە هۆکار بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو جیهان هەبووە، بەتایبەتی کاریگەری لە ئابووری وڵاتان کردووە، ئێمە لە کوردستان رەنگە زیاتر هەستمان بەو سەختیە کردبێت، سەرەڕای ئەو قەیرانانە ئێمە توانیمان خۆڕاگربین و لەسەر پێی خۆمان بوەستین، سوپاسی تاک بە تاکی هاووڵاتیانی کوردستان بە تایبەتی مامۆستایان، کە بەردەوام بوون و خۆڕاگربوون بەرامبەر بەو هەموو سەختیەی ژیان، کە چەشتوویانە، بەڵام دڵنیابن حکومەتی هەرێم درێغی نەکردووە و درێغیش ناکات، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی هەن چارەسەریان بکەین، ئەمە قۆناغێکی درێژخایەنە و رەنگە ئێمە نەتوانین بە شەو و رۆژێک هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین، دەزانم هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە گرفتی هەیە، سەختییەکانی ژیان بە تایبەتی لەم دوو ساڵەی رابردوودا دیاربووە".

مەسرور بارزانی، گوتی: "ئێمە هەوڵدەدەین ژێرخانێکی پتەوی ئابووری لە کوردستاندا دروست بکەین، ئەوەی لە دوو ساڵی رابردوو هەوڵمان بۆیداوە لەوانەیە زۆر نەبیندرابێت، بەڵام ژێرخانێک بووە لە ماوەیەکی نزیکدا بەرهەم و ئاسەوارەکانی دەردەکەون، ئەوەش بۆ ئەوەیە کە ئێمە ئابوورییەکمان هەبێت کە بتوانێت دەرفەتی کار دروست بکات، هەموو هاووڵاتییەک چاوی لەوەیە سەرکەوتووبێت و ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و نەوەی داهاتوو دروست بکەن".

سەبارەت بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا: "هەوڵمانداوە چەندین قوتابخانەی نوێ دروستبکەین یان نۆژەن بکەینەوە، حکومەت ئەرکی خۆی جێبەجێکردووەو پێویستە سوپاسی کەرتی تایبەت بکەم کە یارمەتیدەری حکومەت بووە لە دروستکردنی هەندێک لەو قوتابخانانە، هیوادارم بەردەوامبن لە یارمەتیدانی حکومەت و رەخساندنی ژینگەیەکی باشتر بۆ قوتابیان".

راشیگەیاند: "حکومەتی هەرێم هەڵمەتێکی دەستپێکردووە، بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتی و خۆشەویستی بۆ وڵات و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی پێبدەین، لێرەوە بە قوتابیانی خۆشەویست دەڵێم، خۆشەویسیتان بۆ وڵاتەکەتان، بۆ ئەو سرووشتە جوانەی وڵاتەکەمان و پێکەوەژیانی ئایینی و رێزگرتن لە یەکتر و پێکەوەژیانی نەتەوەیی و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەی خۆمان، لە سەرووی هەموو شت بێت، جگە لەوەی هەوڵدەدەن لە خوێندن سەرکەوتووبن، پێویستە ئەو بەها بەرزانە لەبەرچاو بگرن، ئێمە سەربەرزین بەوەی رێز لە هەموو ئایین و نەتەوەکانی دیکە دەگرین و بەیەکەوە دەژین، ئەمە سیمایەکی دیاری وڵاتەکەمانە و پێویستە بەو شێوەیەش بمێنێتەوە. ئێوەی قوتابیانی خۆشەویست دوارۆژی وڵاتەکەمانن و داهاتووی وڵاتەکەمان دەکەوێتە دەست ئێوە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمڕۆ ئێمە لە قەزای بەردەڕەشین کە ناوچەیەکی دیاری بەرهەمداری کشتوکاڵییە، لە ماوەی رابردوو وەکو حکومەتی هەرێم گرنگی زۆرمان بەوەداوە کە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیاتر بکەین، لەم دەڤەرە پەتاتەیەکی زۆر بەرهەم دەهێندرێت و هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێن، پێویستمان بە جووتیار و زانستی باشتر و ئەندازیاری باشتر هەیە، بەڵام هەموو ئەوانە لە ئەمڕۆ و لە ئێوەوە دەستپێدەکات، ئەگەر بتوانن لە خوێندن سەرکەوتووبن دڵنیابن کە دەتوانن ببن بە کەسی باشتر و وڵاتەکەمان هەنگاوی باشتر بەرەو پێشەوە بنێت".

مەسرور بارزانی، جەختیکردەوە: "مامۆستایان بەو سەختییە نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن  پەکی بکەوێت، ئەمە جێی رێز و پێزانینە بۆ هەموومان، ئەوەی حکومەت بتوانێت بیکات بۆ باشترکردنی ژیانی ئێوە درێغی ناکات، بەڵام لەوەش تێبگەن کە ئیمکانیاتی حکومەت زۆر سنووردارە، ئەو قەیرانانەی ئێمە تووشی بووین، چ مەسەلەی شەڕبێت یان بابەتی ئابووری بێت، بەڵام هەندێک لە قەیرانەکانیش ئەوانە بوون کە بە ئەنقەست بۆ ئێمە دروستکران، بۆ ئەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان پەکبخەن، بەڵام ئێوە و پێشمەرگە و فەرمانبەران نەتانهێشت، هەموومان وەک تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە و پێکهاتەی رەسەنی ئەم وڵاتە نەماهێشتووە وڵاتەکەمان پەکی بکەوێت و ئەو هەوڵانەی بۆ سنووردارکردنی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان دراون سەرکەوتووبن، ئەمەش جێی پێزانین و شانازییە، دوای تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانە ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین، بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی مامۆستایان و دروستکردنی ژینگەیەکی باشتر بۆ قوتابیان، بە دورستکردنی قوتابخانەی زیاتر و نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانەی کە رەنگە زۆر گونجاو نەبن، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی قوتابییەکانمان لە ژینگەیەکی تەندروستدا خوێندن تەواو بکەن".