نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەی زیادبوونی ژمارەی کۆیلەیی دەدات

K24 - هەولێر

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، 50 ملیۆن کەس لە جیهان بە هۆی دۆخی کار و پیکهێنانی ژیانی هاوبەشەوە، وەک کۆیلە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت و "رەنگە ژمارەی کۆیلەی نوێ لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر بێت".

لە راپۆرتی ئەو رێکخراوەیەدا ئاماژە بەوە دراوە، تەنها لە ماوەی ساڵانی 2016 بۆ 2021 ژمارەی "کۆیلە نوێیەکان" نزیکەی 10 ملیۆن کەس زیادیکردووە.

لەو راپۆرتەدا کە بە هاوکاری بەشی لێکۆڵینەوەی کۆچی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ ناوەندێکی بەرەنگاربوونەوەی کۆیلایەتی، ئامادەکراوە، هاتووە کە تا کۆتایی ساڵی 2021 نزیکەی 28 ملیۆن کەس کاری زۆرەملێیان پێدەکرێت و 22 ملیۆن کەسیش لە ژێر گوشاردا ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە.

بە پێی زانیارییەکانی راپۆرتەکە، لە هەر 150 کەس، کەسێک بووەتە قوربانیی کۆیلایەتی نوێ.

گای رایدر، سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی کار، لە بەیاننامەیەکدا رەخنەی لە لاوازیی ئاستی بەرەنگاربوونەوەی کۆیلایەتی گرت و گوتی: هیچ شتێک ناتوانێ بەردەوامیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەو شێوەیە، روون بکاتەوە.

بە پێی راپۆرتەکە، لە سەردەمی کۆرۆنادا و بە هۆی بارودۆخی کار و زیادبوونی قەرزداری کرێکاران، دۆخی "کاری زۆرەملێ" زیاتر بووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەوانەی تووشی کاری زۆرەملێ دەبن، چەندین سال ناتوانن لە داوی رزگاریان بێت و ئەو ژنانەی بە زۆرەملێ زەماوەند دەکەن، ناچارن تا کۆتایی ژیان ئەو کۆیلایەتییە قبووڵ بکەن.