شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان؛ 49 سەرباز کوژراون

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، رایگەیاند کە لە ئەنجامی پێکدادانی سەربازیی لەگەڵ ئازەربایجان، 49 سەربازی سوپای وڵاتاکەی کوژراون.

بە پێی لێدوانەکەی یکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، شەڕەکە شەوی 12ـی ئەیلول دەستیپێکردووە و تا بەیانی ئەمڕۆش بە سووکی بەردەوامبووە.

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا، رایگەیاندووە کە سوپای ئازەربایجان، ژێرخانی سەربازی و سڤیلی ناو خاکی ئەرمینیای بە ئامانجگرتووە.  

حکومەتی ئازەربایجان ئەو "تۆمەتە" رەتدەکاتەوە و دەڵێ، هێرشکراوەتە سەر سوپامان و هەر بۆیە "وەڵامیکی گەورەترمان داوەتەوە".

ئازەربایجان هیچ روونکردنەوەیەکی دیکەی لەبارەی شەڕەکە و قوربانیانی، بڵاونەکردووەتەوە.

ئازەربایجان و ئەرمینیا لە سەر قەرەباغ، بەردەوام کێشە و پێکدادانی سەربازیان هەبووە. ئەو دوو وڵاتە دواجار لە ساڵی 2020 کۆتاییان بە شەڕ هینا، بەڵام دیسانیش هەندێ کات هێرشی سەربازی بۆ سەر یەکتر دەکەن.