ژنێکی دیکەی ئێزدی لە کەمپی هۆل ئازادکرا

K24 – هەولێر

یەکینەکانی پاراستنی ژنان، ژنێکی ئێزدیان لە ناو کەمپی هۆلی پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان ئازاد کرد.

هێزەکانی ئاسایش لە رۆژی 25ـی مانگی ئابەوە بە هاوکاری هێزی سوریای دیموکرات، یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان، ئۆپەراسیۆنی "مرۆڤایەتی و هاوکاری" لە کەمپی هۆل دەستپێکرد و ئەمڕۆ (سێشەممە 13ـی ئەیلول) لە بیستەمین رۆژی خۆی دایە.

پێشتریش یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە نۆیەم رۆژی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، ژنێکی دیکەی ئێزدیان لە کەمپی هۆل رزگار کرد.

رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ساڵ 2014 هێرشی کردە سەر شنگال و دەوروبەری و بە هەزاران کوردی ئێزدی کوشت و رفاند.

بە پێی زانیارییەکان تا ئێستا سێ هەزار و 554 ژنی ئێزدی رزگارکراون، بەڵام هاوکات چارەنووسی دوو هەزار و 717 ژنی دیکە نادیارە.

کەمپی هۆل کە دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوا کوردستان، گەورەترین کەمپی ژن و منداڵی چەکدارانی داعشە و هاوکات بە مەترسیدارترین کەمپی جیهانیش ناسراوە.

لە ماوەی ئەمساڵدا، 44 کەس لەو کەمپەدا کوژراون و هەر بۆیە هێزە کوردییەکان ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە.