حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆی گشتی داهات و خه‌رجییه‌كانی ئاشكراده‌كات

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24-هه‌ولێر:

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ‌ كۆی گشتی داهاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا 46.3 تریلیۆن دیناربووه، كۆی گشتی خه‌رجییه‌كانیش 49،8 تریلیۆن دیناربوونه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13ـی ئه‌یلوولی 2022، جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانی سازكرد و تێیدا كۆی گشتی داهات و خه‌رجییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا ئاشكراكرد.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە و لەسەر راسپاردەی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هەموو کارەکانی بەشێوەیەکی شەفاف بۆ هاووڵاتییان خستووەتەڕوو.

روونیشیكرده‌وه‌، لە بواری نەوت و غاز دا، ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکانی ئەو بوارە لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیتەوە بەردەوامی هەیە و بەشێوەیەکی وەرزی تەواوی بابەتەکانی بەرهەمهێنان، فرۆشتن، داهات و خەرجییەکەی لەسەر پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران لەو کاتانەی کە پێویست بووبێت لەگەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کۆبووەتەوە یان بەشێوەی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی باسی لە کارو پرۆژە و پلانەکانی کابینەی نۆیەمی کردووە بۆ رای گشتی کوردستان، ئێمەش وەکو فەرمانگەی میدیا و زانیاری رۆژانە داتا و زانیارییەکانی حکومەتمان بەشێوەی داتا و هەواڵ بڵاوکردووەتەوە،  دەمانەوێت بڵێین کە بە شاهیدی میدیاکان ئەم کابینەیە زۆرترین زانیاری داوەتە رای گشتی و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەو رێچکەیە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "دەمانەوێت لێرەدا تەواوی خەرجی، داهات و پارەی تەرخان کراو بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەمدا بۆ رای گشتی بخەینەڕوو، تاوەکو هەندێک کەس لە رێگای بڵاوکردنەوەی داتای ناڕاست و چەواشەکارییەوە ڕاستییەکان بۆ هاونیشتمانیان ئاوەژوو نەکەن و قسەی خۆمان لە دەمی خۆمانەوە ببیستن".

له‌ به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا د.جوتیار عادل رایگه‌یاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا و سەرەڕای ئەو گەمارۆ ئابوورییەی کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خراوەتە سەری توانیویەتی لە رێگای چەند سەرچاوەیەکەوە مووچە بۆ هاووڵاتییانی خۆی دابین بکات و چەندین پرۆژەی ستراتیژیش ئەنجام بدات و هەروەها بۆیەکەمجار حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بە پشت بەستن بە داهاتی خۆی بەبێ حکومەتی فیدراڵی مووچە دابەش بکات.

كۆی داهاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا:

کۆی گشتی داهاتی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان كه‌ لە داهاتی نەوتی، نانەوتی، تەمویلی حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان پێکدێت، بریتی بووە لە  46.3 تریلیۆن دینار.

كۆی خه‌رجیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا:

کۆی گشتی خه‌رجیی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان كه‌ لە مووچە، خەرجییەکانی نەوت، بەکارخستن، وەبەرهێنان و کرێی وێستگەکانی کارەبا هەروەها دانەوەی بەشێک لە قەرزەکان پێكدێت، بریتی بووە لە 49,8 تریلیۆن دینار.


سەبارەت بە تێکڕای داهاتی نەوتی فرۆشراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێژەی 55%ـی ئەو داهاتە بۆ خەرجی پرۆسەی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، کۆگاکردن و گواستنەوە خەرجکراوە، هەروەها رێژەی 45%ـیشی وەک داهاتی سافی گەڕاوەتەوە خەزێنەی حکومەت.


خەرجی پرۆژەکان له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا، ٨٤٠ ملیار دینار لە ٨٨٤ پرۆژە خه‌رجكردووه‌، بەم شێوەیەی خواره‌وه‌:

-         له‌ ساڵی 2019 بڕی 243 ملیار خه‌رج كراوه.‌

-         له‌ ساڵی 2020 بڕی 151 ملیار دینار خه‌رج كراوه‌.

-         له‌ ساڵی 2021 دا بڕی 446 ملیار دینار خه‌رج كراوه‌


خه‌رجی به‌پێی سێكته‌ر:

ڕێگه‌وبان:  392 ملیار

شاره‌وانی: 282 ملیار

كاره‌با: 25 ملیار

سایلۆ (كشتۆكاڵ) : 37 ملیار

په‌روه‌رده‌: 26 ملیار

نیشته‌جێبوون: 25 ملیار

به‌نداو: 22 ملیار

سێكته‌رەکانی دیکە: 31 ملیار


سه‌باره‌ت به‌ دەستەی وەبەرهێنان:

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، جگە لەو پرۆژانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی ئەنجامی داون، زەمینەسازیشی کردووە بۆ ئەوەی لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت و بۆ ئەوەش لە سێکتەری وەبەرهێناندا مۆڵەتی بە چەندین پرۆژە داوە و لەو رێگەیەشەوە زیاتر لە 120 هەزار هەلی کار بەشێوەی راستەوخۆ رەخسێنراوە، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:

ساڵی یەکەم:

لە ســـاڵی یەکەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەت بە ٤٣ پڕۆژە دراوە بە ســـەرمایەی ٩٠٢ ملیۆن دۆلار و لەســـەر رووبەری ٨٧٥ دۆنم زەوی لەم سێکتەرانەی خوارەوە:

1-     پیشەسازی: ١٢ پڕۆژە بە سەرمایەی ٣٥٧ ملیۆن دۆلار.

2-      نیشتەجێبوون: 5 پڕۆژە بە سەرمایەی 375 ملیۆن دۆلار.

3-     فێرکردن: 7 پڕۆژە بە سەرمایەی 44 ملیۆن دۆلار.

4-     - گەشتیاری: 6 پڕۆژە بە سەرمایەی 30 ملیۆن دۆلار.

5-     وەرزشی: 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 30 ملیۆن دۆلار.

6-     بازرگانی: 6 پڕۆژە بە سەرمایەی 43 ملیۆن دۆلار.

7-     - تەندروستی: 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 20 ملیۆن دۆلار.

8-     - کشتوکاڵ: 1 پڕۆژە بە سەرمایەی 3 ملیۆن دۆلار.


ساڵی دووەم:

لە ساڵی دووەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی بە ٨٧ پرۆژە داوە بە سەرمایەی ٧ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دۆلار و لەسەر ڕووبەری ٧٠٧٥  دۆنم زەوی لەم سێکتەرانەی خوارەوە:

1. پیشەسازی: ٢٩ پڕۆژە بە سەرمایەی ١ ملیار و ١٣٠ ملیۆن دۆلار.

2. نیشتەجێبوون: ٤ پرۆژە بە سەرمایەی ٤٣٠ ملیۆن دۆلار.

3. فێرکردن: ٥  پڕۆژە بە سەرمایەی ٢٦ ملیۆن دۆلار

4. گەشتیاری: ١٥ پڕۆژە بە سەرمایەی ٥ ملیار و ٦٠ ملیۆن دۆلار.

5. وەرزشی: ١ پڕۆژە بە سەرمایەی ٢ ملیۆن دۆلار

6. بازرگانی: ١٩ پڕۆژە بە سەرمایەی ٣٠٩ ملیۆن دۆلار.

7. تەندروستی: ٦ پڕۆژە بە سەرمایەی ٥٣ ملیۆن دۆلار.

8. کشتوکاڵ: ٥ پڕۆژە بە سەرمایەی ٢٢٧ ملیۆن دۆلار.

9. هونەری: ١ پڕۆژە بە سەرمایەی ٩ ملیۆن دۆلار.

10. خزمەتگوزاری: ٢ پڕۆژە بە سەرمایەی ٥٨ ملیۆن دۆلار.

ساڵی سێەم:

لە ساڵی سێیەمدا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مۆڵەت بە ٦٤ پڕۆژە دراوە بە سەرمایەی ٢ ملیار و ٩٤٥ ملیۆن و لەسەر رووبەڕی ٢٢٢١ دۆنم زەوی لەم سێکتەرانەی خوارەوە:

پیشەسازی: 14 پڕۆژە بە سەرمایەی 204 ملیۆن دۆلار.

نیشتەجێبوون: 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 248 ملیۆن دۆلار

. فێرکردن: 7 پڕۆژە بە سەرمایەی 38 ملیۆن دۆلار.

گەشتیاری: 8 پڕۆژە بە سەرمایەی 2 ملیار و 34 ملیۆن دۆلار.

وەرزشی: 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 7 ملیۆن دۆلار.

بازرگانی: 22 پڕۆژە بە سەرمایەی 243 ملیۆن دۆلار

تەندروستی: 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 19 ملیۆن دۆلار.

کشتوکاڵ: 2 پڕۆژە بە سەرمایەی 133 ملیۆن دۆلار.

بانكەكان: 2 پڕۆژه بە سەرمایەی 19 ملیۆن دۆلار

کۆی گشتیی سەرمایەی وەبەرهێنراو لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە سێکتەری وەبەرهێنان 11.15  ملیار دۆلار بووە.