سووریا "دوو مەرجی" بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا هەیە

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا

K24 – هەولێر

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی سووریا، باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا کرد و دووپاتیکردەوە،  "دیمەشق دەیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە ئاسایی بکاتەوە، بەڵام دوو مەرجی هەیە".

پێترۆس ئەلمەرجان، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی سووریا، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی "izvestia"ـی رووسی، رایگەیاند: هەر کاتێک تورکیا دانی بە داگیرکردنی خاکی وڵاتێکی دیکە نا [مەبەست خاکی سووریا] و لێی کشایەوە و کۆتایی بە پشتگیری خۆی لەو گرووپانە هێنا کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە تیرۆریستیان دەزانێت، دیمەشق ئامادەیە لەگەڵ ئەنقەرە پەیوەندییەکانی بەرەوپێش بخات.

هەروەها گوتی: هەندێ کێشەی جددی لە بەردەم ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ئەنقەرە و دیمەشق لە بواری ئەمییەوە هاوکاریان هەیە.

پێترۆس ئەلمەرجان، دووپاتیکردەوە کە پەیوەندی نێوان وڵاتان دەبێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و رێزی دراوسێتی بێت و "ئێمە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا، پشتگیری لە ئەسەد دەکەین".

پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە، لەگەڵ چەند لێدوانێکی بەرپرسانی تورکیا، بوو بە رۆژەف. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، مانگی رابردوو گوتی: گفتوگۆ و دیپلۆماسی لە نێوان وڵاتاندا، هەرگیز کۆتایی پێنایەت.

هاوکات مەولود چاووش ئۆغلو، وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا، ئاشکرای کردبوو کە وڵاتەکەی لەسەر ئاستی دەزگە ئەمنیەکاندا پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سووریادا هەیە و گوتی: هیچ مەرجێکمان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشقدا نییە.