بەڤیدیۆ.. یەمەنییەك بۆ رۆحی شاژنە ئێلیزابێسی دووەم عومرەی کردووە

سعوودیە: ئەو عومرەکارە یەمەنییە دەستبەسەرکراوە

K24 - هەولێر:

دەسەڵاتدارانی سعوودیە رایانگەیاند، عومرەکارێکی یەمەنییان دەستبەسەرکردووە، کە بانگەشەی بۆ ئەوە کردووە، "بۆ رۆحی شاژنە ئێلیزابێسی دووەم عومرەی کردووە".

وێنە و ڤیدیۆی ئەو عومرەکارە کە لە مزگەوتێکی مەککەیە و دروشمێکی هەڵگرتووە و تێیدا بانگەشە بۆ ئەوە دەکات بۆ رۆحی شاژنە ئێلیزابێس عومرە دەکات،  لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.

گرتە ڤیدیۆکە کەمتر لە 20 چرکەیە و پیاوێك بە جلوبەرگی سپیەوە پیشان دەدات کە دروشمێکی پێیە و لەسەری نووسراوە "عومرە بۆ رۆحی شاژنە ئێلیزبێسی دووەم، داوا لە خودا دەکەین جێگەی لە بەهەشت بێت و لە کەسە چاکەکان بێت".

بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆکە توڕەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، کە دواتر داوای دەستبەسەرکردنی ئەو کەسەیان کرد.

پاش دەنگدانەوەی هەواڵەکە، ئاسایشی گشتی سعوودیە لە تویتەر دەستبەسەرکردنی ئەو کەسەی راگەیاند، کە لە مزگەوتی پیرۆزی مەککە دروشمی هەڵگرتووە، ئاماژەی بەوەشدا کە رێکاری یاسایی لەدژی دەگیرێتەبەر و کەیسەکەی رەوانەی داواکاری گشتی دەکرێت.

بەپێی یاساکانی سعوودیە، هەڵگرتنی دروشم و بانگەشکردن بۆ هەر لایەنێکی سیاسی و مەزهەبی لەکاتی (حەج و عومرە)ـدا قەدەغەیە و ئەو کارەی هاووڵاتییە یەمەنییەکە کردوویەتی، بە پێشێلکردنی رێسا و رێنماییەکانی رێوڕەسمەکان و بڕگەکانی شەریعەتی ئیسلام لەقەڵەم دەدرێت.