فراکسیۆنی گۆڕان راگەیەندراوێکی لەسەر رووداوەکەی پەروێزخان بڵاوکردەوە

"داوا لە پەرلەمان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەکەین هەڵوێستی جدییان هەبێت"
ئاڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان
ئاڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

K24 - سلێمانی:

فراکسیۆنی گۆڕان راگەیەندراوێکی لەسەر رووداوەکەی مەرزی پەروێزخان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەندامانی پەرلەمان پێویستییان بە رەزامەندی و مۆڵەت نییە و نابێت بپشکنرێن.

لە راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە، "دوای ئەوەی ئەندامێکی فراکسیۆنەکەیان، لەکاری پیشەیی خۆی بەمەبەستی بەدواداچوون سەردانی مەرزی پەروێزخانی کردبوو، لەگەڵ ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دا ، لە گەڕانەوەیاندا توشی گرفت بوون لەگەڵ هێزێک  بەناوی (کۆماندۆ)".

راشیگەیاندووە، "ئێمە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسیار دەکەین لە ئاستی پاراستنی ئەندامانی پەرلەمان و سەرکۆنە کردنی ئەو ڕەفتارە نەشیاو و نادروستە حیزبیانەیەی بۆتە لەمپەر لە بەرامبەر بە دواداچونی ئەرکی پەرلەمانی و بێ بەهاکردنی ڕۆڵی پەرلەمانتاران و بە کەمڕوانین لە بەهای پەرلەمان کە دەزگای شەرعی و هەڵبژێرراوی خەڵکی کوردستان و سەروەربوونی یاسایە".

فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕاگەیەنراوەکەی ئەم ھێزە  ئەوەندە ئاست نزمە لە روی سیاسی و یاسایی و ئیدارییەوە هی وەڵام دانەوە نییە".

فراکسیۆنی گۆڕان دەشڵێت، "ھاووڵاتییانی کوردستان مافی خۆیانە ئەوە بزانن کە ئەندامانی پەرلەمان پێویستیان بە ڕەزامەندی و مۆڵەت و نوسراو نیە بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکی پەرلەمانتاری خۆیان و بەدواداچوون، پەرلەمانتار دوای ئەوەی خۆی ناساند و ناسنامەی پەرلەمانتاری پیشان دا، نابێت بپشکنرێن نە خۆیان نە ئۆتۆمبێلیان نە ماڵیان چونکە پارێزبەندیان ھەیە، ھەروەھا ناسنامەی پەرلەمانتار مۆڵەتە بۆ ھەڵگرتنی چەک".

جەختیشکردووەتەوە، پێویستە ڕێز لە دامەزراوەی پەرلەمان پەرلەمانتاران بگیرێت، هەروەها داواشی لە پەرلەمان فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کردووە هەڵوێستی جدییان هەبێت.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، رزگار محەمەد ناسراو بە (رزگار شەهید حەمە نەگڕەیی) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ی راگەیاند، دوێنێ وەک تیمێک لەگەڵ کەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ژمارەیەک بەرپرس و کارمەندی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، سەردانی مەرزی پەروێزخانیان کردووە بۆ بەدواداچوونی پرسی داهاتی وێستگەکانی کێش لە سنوورەکەدا.

گوتیشی، دوای تەواوبوونی بەدواداچوونەکان و گەڕانەوەیان لە نزیک مەرزەکە، بە رێگەیەکدا گەڕاینەوە کە وا باسدەکرێت کاری نایاسایی تێدا کراوە و لەوێ تووشی هێزێکی ئەمنی نەناسراو بوون و ئاڵۆزی لە نێوانیاندا دروستبووە.

 بەڵام بەپێی راگەیەندراوی هێزەکانی کۆماندۆ کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، "ئەو دوو ئەندامەی بزووتنەوەی گۆڕان، لە کاتی گەڕانەوەیاندا هەڵوێستیان گۆڕاوە و لەڕێگەی کەناڵ و دەزگاکانی راگەیاندن کۆمەڵێک قسەی ناڕاست و تۆمەتیان بۆ هێزەکەمان هەڵبەست لەکاتێکدا ئەو دوو بەرپرسە خۆیان و پاسەوانەکانیان بەشێوەیەکی نایاسایی سەردانی مەرزەکەیان کردبوو".