گواردیۆلا: تیپی به‌رامبه‌ر زیاتر له‌ من یاریزانه‌كانم ده‌ناسن

پێپ گواردیۆلا راهێنه‌ری مانچێسته‌ر سیتی
پێپ گواردیۆلا راهێنه‌ری مانچێسته‌ر سیتی

ئێرلینگ هالاند گۆڵکارە تازەکەی مانچێستەر سیتی تەنیا چەند مانگێک لە جێهێشتنی ریزەکانی یانەی بورووسیا دۆرتمۆند، لە گەڕی دووەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ رووبەرووی یانەکەی پێشووی دەبێتەوە، هەردوو یانە دوایینجار دوو وەرز لەمەوبەر لە قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەرووی یەکتری بوونەتەوە.

مانچێستەر سیتی دوای زنجیرەیەک ئەنجامی باش لە پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ، ئەمجارەیان لە چامپیۆنزلیگ میوانداریی بورووسیا دۆرتمۆند دەکات. ئەم یارییە بۆ ئێرلینگ هالاند تایبەت دەبێت، ئەو یاریزانە لاوە دوای نزیکەی چەند مانگێک لە جێهێشتنی ریزەکانی بوروسیا دۆرتمۆند، بۆ یەکەمجار رووبەڕووی یانەکەی پێشووی دەبێتەوە.

هالاند ئەم وەرزە لەگەڵ مان سیتی ئاستێکی نایابی پێشکەش کردووە، ئەو گۆڵکارە لاوە لە کۆی هەشت یاریی بە درێسی یانە ئینگلیزیەکە 12 گۆڵی تۆمار کردووە کە دوو گۆڵ لەو 12 گۆڵە لە یاریی یەکەمی چامپیۆنزلیگ بوو.

پێپ گواردیۆلا راهێنەری ستیزن پێش یارییەکە ستایشی ئاستی ئێرلینگ هالاندی کرد، لە هەمان کاتدا گووتیشی: یانەی بەرامبەر زیاتر لە ئەو شارەزاییان لە یاریزانەکانی هەیە.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، پێپ گواردیۆلا راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی رایگه‌یاند كه‌ یاریزانه‌كانم مۆندیالیان له‌پێشه‌ و ده‌بێت له‌ پرێمه‌رلیگ و چامپیۆنزلیگیش ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش بكه‌ن. گواردیۆلا ده‌شڵێت: ئەوان لە من باشتر ئەم یاریزانانە دەناسن، ئەمەش دەتوانێت بە قازانجی ئەوان بێت، ڕەنگە لە بەرژەوەندی ئێمەش بێت، پێشتر هێرشبەرێکی باشی وەک گابرێل خێسوس لەگەڵ ئێمە بوو، بەڵام ڕێز لە بڕیارەکەی دەگرین و ئەو بڕیاریدا یانەکەمان جێبێڵێت.

گواردیۆلا گوتیشی: ئێرلینگ هالاند لای من یاریزانێکی زۆر خۆشەویستە، ئەو دەزانێت چەندە هەوڵماندا بۆ بەدەستهێنانی و ئێستاش زۆر دڵخۆشین کە لەگەڵ ئێمەیە. ئێمە تیپێکمان دەوێت کە بتوانێت یاری سبەینێ بباتەوە. مۆندیالمان لە پێشە و دەبێت لە پریمەرلیگیش پارێزگاری لە خۆمان بکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت لە چامپیۆنزلیگش بەردەوام بین لە پێشکەوتنەکانمان و یەکەم یاریمان بردەوە و پێویستە لە یارییەکانی دیکەش براوە بین ''.

مانچیستەر سیتی و بورووسیا دۆرتمۆند دوایینجار دوو وەرز لەمەوبەر لە قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەرووی یەکتری بونەوە، ئەوکات مان سیتی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەی بە ئەنجامی هاوشێوە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناغی پێشکۆتایی.

بۆ ئەم یارییەش کایل واڵكه‌ر بەرگریکاری مانچێستەر سیتی بەهۆی پێکان بەشداری ناکات، ئێمریک لاپۆرت بەرگریکاری فەرەنسیش گەڕاوەتەوە و بەشداری راهێنانەکانی یانەکەی کردووە، بە هەمان شێوەی جۆن ستۆنزی بەرگریکاریش پێکانەکەی تێپەڕاندووە و لەوانەیە بۆ ئەم یارییە ئامادەبێت.