سوننه‌ی عێراق داوای ده‌ستگیركردنی باسم كه‌ربه‌لائی ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
سروودێكی مه‌زهه‌بی باسم كه‌ربه‌لائیی، بووه‌ته هۆی تووڕه‌یی سوننه‌كانی عێراق و داوای دادگاییكردنی كه‌ربه‌لائیی ده‌كه‌ن.
له ئاستی میللی و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی ناڕه‌زاییه‌كان دژی كه‌ربه‌لائیی په‌ره‌یان سه‌ندووه و ژماره‌یه‌ك پارێزه‌ریش داوای دادگاییكردنی ده‌كه‌ن.
باسم كه‌ربه‌لائیی، یه‌كێكه له دیارترین شینگێڕه‌كانی شیعه له حوسێنییه‌كاندا مه‌راسیمی شینگێڕیی رێكده‌خات.
له ناو ده‌قێكی شینگێڕانه‌كه‌یدا، كه‌ربه‌لائیی، هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام "موحه‌ممه‌د" دروودی خوای له‌سه‌ر بێت، به "باند و چه‌ته" وه‌سفده‌كات.
سوننه‌كان ده‌ڵێن، ئه‌وه‌ی باسم كه‌ربه‌لائیی وتوویه‌تی، سوكایه‌تییه و هه‌وڵدانه بۆ درووستكردنی پشێوی و هاندانه بۆ درووستكردنی گرژی تائیفی.
به پێچه‌وانه‌ی سوننه‌كانه‌وه، به‌شێك له لایه‌نگرانی میلیشیا چه‌كدارییه‌كانی شیعه، له تویته‌ر له ژێر هاشتاگی "هه‌موومان باسم كه‌ربه‌لائیین" هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ستپێكردووه.
لیژنه‌ی ئه‌وقافی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا، رایگه‌یاند، به‌و په‌ڕی زبره وشه، ئیدانه‌ی ئه‌و وشانه‌ی باسم كه‌ربه‌لائیی ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ی ئه‌و وتوویه‌تی و هاوه‌ڵانی پێچواندووه، شتێكه ناكرێت لێی بێده‌نگ بین.
هه‌روه‌ها هاتووه: ئوممه‌تی ئیسلام، رووبه‌ڕووی ئاڵنگاری و قه‌یرانی گه‌وره بووه‌ته‌وه و ئه‌مڕۆ ئێمه پێویستمان به یه‌كڕیزی و بێزراندنی تائیفیه‌ت و دووركه‌وتنه‌وه له وروژاندنی ناكۆكییه تائیفی و مه‌زهه‌بییه‌كان هه‌یه و هه‌مووان ده‌زانن ئه‌و ناكۆكییه‌ی هه‌یه نه‌گه‌یشتووه‌ته سه‌ر پایه‌كانی ئایین و بنه‌ماكانی.
هه‌روه‌ها لیژنه‌دا، داوایكردووه، لیژنه‌ی دیوانی وه‌قفی شیعه ده‌م له بابه‌ته‌كه بژه‌نێت و به‌رپرسیارێتی یاسایی و شه‌رعیی خۆی بگرێته ئه‌ستۆ و رێگر بێت له دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره زێده‌ڕۆییانه بۆ سه‌ر پیرۆزی یه‌كدی و پێویسته چاودێری ئه‌و كۆڕه مه‌زهه‌بییانه بكات، كه بۆ شینگێڕان رێكده‌خرێن و هانیان بده‌ن، خۆیان له سوكایه‌تی به پیرۆزیی یه‌كدی بپارێزن.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، دیوانی وه‌قفی سوننه، به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه و تێیدا داوای كردووه، لێكۆڵینه‌وه له‌و بابه‌ته بكرێت و ئه‌وانه‌ی سوكایه‌تی به پیرۆزییه‌كانی موسڵمانان ده‌كه‌ن رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه.
هه‌روه‌ها هاتووه: فه‌توای شه‌رعیی هه‌یه كه سوكایه‌تی به هاوه‌ڵان حه‌رامه و ئه‌و فه‌توایه گشتێنراوه و پێویسته كاری پێ بكرێت.
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی سیاده، خه‌میس خه‌نجه‌ر، له‌و باره‌یه‌وه رایگه‌یاند، ئوممه‌تی ئیسلام رێگه به كه‌ڕه‌نای فیتنه نادات و به دوای یه‌كڕیزیدا ده‌گه‌ڕێت و داوا له هه‌موو دامه‌زراوه تایبه‌تمه‌نده‌كان ده‌كه‌ین، رێگری له فیتنه‌چییه‌كان بگرن.
هه‌روه‌ها كۆڕی فیقهی عێراق، له به‌یاننامه‌یه‌كدا، رایگه‌یاند، پێویسته مه‌رجه‌عییه‌ته‌كانی موسڵمانان رووبه‌ڕووی ئه‌و ده‌نگانه ببنه‌وه و لێپرسینه‌وه له‌و ده‌نگه ریزپه‌ڕانه بكه‌ن، كه درووشمه ئاینییه‌كان به‌كارده‌هێنن بۆ ده‌ستبردن و په‌لاماردانی پێگه‌ی هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری خودا، دروودی خوای له‌سه‌ر بێت.
هه‌ر له‌و میانه‌یه‌دا، هه‌ریه‌ك له ئیحسان سه‌عدوون عوبێد و سه‌یف عه‌باس حموود، كه پارێزه‌رن، داوایه‌كی یاساییان له دژی كه‌ربه‌لائیی تۆمار كرد.
له داواكه‌دا هاتووه: په‌لاماردانی تائیفه‌یه‌كی ئایینی له عێراقدا مه‌ترسی بۆ سه‌ر یه‌كپارچه‌یی نیشتمانی درووست ده‌كات.
هه‌روه‌ها هاتووه: ئه‌وه‌ی كه‌ربه‌لائیی وتویه‌تی تاوانه و به گوێره‌ی مادده‌ی 372 له یاسای سزادانی عێراقی سزای بۆ ده‌ستنیشان كردووه.
ئه‌و پارێزه‌رانه داوایان كردووه، دادگا به‌دواداچوون بۆ دۆسییه‌كه بكات و تۆمه‌تبار رووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی بكرێته‌وه.
هه‌ر له‌و میانه‌یه‌دا، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ره‌عد ئه‌لدهلكی له سنووری پارێزگای دیاله، داوای كرد، بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ باسم كه‌ربه‌لائیی ده‌ربكرێت، به‌و پێیه‌ی تۆمه‌تباره به سوكایه‌تیكردن به هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری خودا، دروودی خوای له‌سه‌ر بێت.