رۆژنامه‌یه‌كی حزبوڵڵای لوبنان هۆكاری چه‌قبه‌ستوویی سیاسیی عێراق ده‌خاته‌ڕوو

K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی ئه‌خباری سه‌ر به حزبوڵڵای لوبنان، ئه‌مڕۆ بابه‌تێكی له باره‌ی ململانێی لایه‌نه شیعییه‌كانی عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا ره‌خنه‌ی له ره‌وشی سیاسی عێراق و ململانێی لایه‌نه شیعییه‌كان گرتووه و رایگه‌یاندووه، كشانه‌وه‌ی سه‌درییه‌كان له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا، ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه ناكات، جارێكی دیكه شه‌ڕێكی سه‌ختتر روونه‌دات، چونكه هێشتا هۆكاری شه‌ڕه‌كه چاره‌سه‌ر نه‌كراون و وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه.
له راپۆرتی رۆژنامه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ش هاتووه: حاڵه‌تی ململانێی له‌و شێوه‌یه، لاناچێت، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی سیستمی حوكمی پشكپشكێنه‌ی تائیفی له‌ناو بچێت و پرۆسه‌یه‌كی سیاسی نیشتمانی عێراقی كه نه‌یاری ئێران و وڵاتانی دراوسێ نه‌بێ نه‌یه‌ته ئاراوه، به جۆرێك هه‌موو ده‌ستوه‌ردانه‌كانیان له كاروباری ناوخۆی عێراق و پارێزگاریكردنیان له ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و شوێنكه‌وته كۆتایی پێ نه‌هێنێت.
پوخته‌ی بابه‌ته‌كه
ململانێی ده‌ستكه‌وت له نێوان حزبه‌كانی گه‌نده‌ڵیدا
ململانێكه شاراوه نییه، ململانێیه له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وت. ئه‌و ململانێیه له نێوان پارت و میلیشیا مه‌زهه‌بییه چه‌كدار و پڕچه‌كه‌كانه، كه مووشه‌كیان هه‌یه و فه‌توای مه‌زهه‌بی پشتیوانیانه. ئه‌وان له كایه‌ی وڵاتێكی بێ سه‌روه‌ری و پڕ له گه‌نده‌ڵیدا ركابه‌ری یه‌كدی ده‌كه‌ن.
ئه‌و ململانێیه له سه‌ر زه‌مینه‌ی روونی تائیفییه‌ته. ئاسۆی مه‌زهه‌بی سه‌له‌فیانه‌ی هه‌یه. ئامانجه‌كه‌ی به‌رژه‌وه‌ندخوازییه. له رووكاردا مه‌به‌ستییه‌تی پارێزگاری له هه‌ژموونی تائیفه‌ی زۆرینه له حوكم و ده‌ستكه‌وته‌كان بكات. ئه‌مه‌ش له ژێر درووشمی ئاشكرای مه‌زهه‌بدایه. دووره له هه‌ر ره‌هه‌ند و ئامانجێكی تایبه‌ت به سه‌ربه‌خۆیی بڕیاردان و دژایه‌تیكردنی هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا و ده‌ستوه‌ردانه ده‌ره‌كییه‌كان.
كاریش بۆ كۆتایهێنان به بوونی بیانییه‌كان و ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان له عێراق ناكات. هه‌ردوو تیمی رێبه‌رایه‌تی هه‌ردوو ره‌وتی شیعه‌ی ركابه‌ر له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ئێستا بێده‌نگن به‌رامبه‌ر به مانه‌وه‌ی بیانییه‌كان له‌سه‌ر خاكه‌كه‌یان.
ئه‌و حاڵه‌ته كه‌ڵه‌كه‌بووه‌ی هه‌یه، به‌رهه‌می راسته‌وخۆی ته‌وافقی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانه له‌سه‌ر حوكمی عێراق به شێوه‌ی پشكپشكێنه‌ی تائیفی و له رێی حزبه‌كانی گه‌نده‌ڵییه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت، ئه‌وه‌ش وای له عێراق كردووه، بمێنێته‌وه، به‌ڵام وه‌ك وڵاتێك كه له‌سه‌ر جێگه مردبێت. وڵاتێكی ده‌سته‌پاچه، وڵاتێك لێی قه‌ده‌غه كراوه، ته‌نانه‌ت پارێزگاری له ئاسمانی خۆی بكات و سیستمێكی به‌رگری و تۆڕێكی راداری ساده‌ی هه‌بێـت، كه زۆرێك له وڵاته هه‌ژاره‌كان ئه‌وه‌نده‌یان هه‌یه. یاخود وڵاتێك كه ته‌توانێت و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر باری دارایی و سه‌رچاوه نه‌وتییه گه‌وره‌كه‌یدا نه‌بێت.
هاوكێشه‌ی هێزه‌كان و ژینگه‌ی فه‌توا و فشاره ده‌ره‌كییه‌كان، سه‌دری ناچار كرد چه‌كداره‌كانی ئه‌مجاره له گۆڕه‌پاندا بكێشێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه هیچ كات ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه ناكات، جارێكی دیكه ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه توندتر و تا ئه‌وپه‌ڕی وێرانكاری له داهاتوودا سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه. چونكه هۆكاری شه‌ڕه‌كه‌ی پێشوو هێشتا ماون، ناكرێت كورت بكرێنه‌وه یان به ده‌نگۆ و مه‌زنده‌ی ئه‌وه‌ی كوده‌تاكه‌ی سه‌در له‌بار چووه، راڤه بكرێن. یان به هۆی دنه‌دانی كه‌نداو له رێی كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه، به‌ڵكو ئه‌مه به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بنه‌ما و پایه و ئامانجی سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌بێت.
ئه‌و هۆكارانه و حاڵه‌ته‌كانی ململانێی مه‌ترسیدار له‌ناو نه‌چوون، مه‌گه‌ر به له‌ناوچوونی سیستمی حوكمڕانی پشكپشكێنه‌ی تائیفی و كۆتاییهێنان به پرۆسه‌ی سیاسیی ئه‌مه‌ریكا و ده‌ستپێكی پرۆسه‌یه‌كی سیاسی نیشتمانی كه نه‌یاری ئێران و وڵاتانی دراوسێ نه‌بێت، به‌ڵام ده‌ستوه‌ردانه‌كانیان له كاروباری ناوخۆی عێراق رابگرێت و رێگه نه‌دات ئه‌وان پارێزگاری له حوكمی گه‌نده‌ڵی و پاشكۆیه‌تی بكه‌ن، چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
فشه‌ڵی ده‌ستوور
سیستمی حوكمڕانی و بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كه‌ی وه‌ك بنه‌مایه‌كی فشه‌ڵ و خواروخێچ و ئاڵۆز ناكرێت لێی ده‌رچێت مه‌گه به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و شكاندنی. به ئامانجی روونكردنه‌وه‌ی رۆڵی ده‌ستووری ئێستا له درووستبوونی ئه‌و پشێویی و داڕمانه گشتگیر و شه‌ڕه ناوبه‌ناوییه‌ی له نێوان گرووپه‌كان هه‌یه، بۆ نموونه ئاماژه به دوو حاڵه‌ت ده‌كه‌ین. یه‌كه‌م: له مادده‌ی 70ی ده‌ستوور، كه ئه‌سته‌مه هیچ لایه‌نێك زۆرینه‌ی ره‌ها له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستبهێنێت و حكومه‌تی زۆرینه پێكبهێنێت، ئه‌مه‌ش ناچاری ده‌كات حكومه‌تی ته‌وافقی ئیفلیج درووست بكات و هه‌موو پێكهاته‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق تێیدا به‌شدار بن.
ئه‌و مادده‌یه مه‌رجی ئه‌وه‌ی داناوه، كه دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌بێت ئاماده بن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێرن و ئه‌ویش كاندیدی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران راسپێرێت، واته: هیچ مانایه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی هیچ حزب و لایه‌نێكی سیاسی و درووستبوونی كوتله‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مان نه‌ماوه‌ته‌وه، چونكه ئه‌و لایه‌نه‌ی خاوه‌نی دوو له‌سه‌ر سێی په‌كخه‌ر بێت، ده‌توانێت هه‌وڵه‌كان شكستپێبهێنێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ره‌كه‌ی زیاتر له نیوه‌ی كورسییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی هه‌بێت.
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در به 73 كورسی و پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی سێ قۆڵی، كه عه‌ره‌بی سوننه 58 كورسی و پارتی 32 كورسی هه‌بوو، له رووی حسابییه‌وه نیوه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانیان هه‌بوو، كه 329 كورسییه، به‌ڵام ئه‌مه به‌س نه‌بوو بۆ پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی سێ قۆڵی، چونكه سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دوو له‌سه‌ر سێی په‌كخه‌ریان هه‌بوو. ئا لێره‌وه چه‌قبه‌ستوویی سیاسی ده‌ستیپێكرد.