48 زیاره‌تكاری ئێرانی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

دیمەنێکی زیارەتکاران لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران
دیمەنێکی زیارەتکاران لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران

K24 - هەولێر

به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رماو و رووداوه‌كانی هاتووچۆ، تائێستا 48 هاووڵاتی زیاره‌تكاری ئێرانی له‌ عێراق گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ بەرپرسی دامه‌زراوه‌ی حەج و گه‌شتی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ئاشکرای کرد، تا ئێستا نزیكەی 11 هەزار زیاره‌تكاری ئێرانی به‌هۆی به‌ركه‌وتنی زۆری تیشكی خۆر و باری ته‌ندروستیان تێكچووه‌، هاوكات 48 كەسیش بەهۆی رووداوی ئۆتۆمبێل و نەخۆشییه‌وه‌ گیانیان لە دەست داوە.

لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو 7ی ئەیلوولی 2022ـەوە هاتنی کاروانی زیارەتکاران لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چلەی ئیمام حوسێن دەستیپێکردووە. بەگوتەی مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران پێشبینی دەکرێت نزیکەی 500 هەزاریان لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بگەنە شارەکانی دیکەی عێراق.

لە سنووری حاجی ئۆمەران تا هەولێر شەش وێستگە بۆ زیارەتکارانی ئێرانی کراونەتەوە، رۆژانە لە کاتژمێر 7ی بەیانی تا 6ی ئێوارە لەو دەروازەیە پێشوازی لە زیارەتکاران دەکرێت. بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵی مێهر تائێستا 50 هەزار کەس لە رێگەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە گەیشتوونەتە شارەکانی عێراق.

ساڵانە بۆ بەشداریکردن لە چلەی کوژرانی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی ئەبوتاڵیب، سەدان هەزار هاووڵاتی شیعە مەزهەب لە عێراق و وڵاتانی دیکە، لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە و بە کۆمەڵ شیوەن دەکەن.