سێ وڵات بانگهێشتی پرسەی شاژنی بەریتانیا نەکراون
K24 - هەولێر:
میدیا ناوخۆییەکانی بەریتانیا بە پشتبەستن بە سەرچاوە فەرمییەکان، پێشبینی دەکەن، زیاتر لە 500 میوانی پلە باڵا بەشداری لە پرسەی شاژنە ئێلیزابێسی دووەمدا بکەن.
حکومەتی بەریتانیا لە سەرانسەری جیهانەوە بانگهێشتی ئەو کەسایەتییانەی کردووە، تاوەکو رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە مەراسیمی ماڵئاواییکردن لە شاژنە ئێلیزابێسی دووەم بەشداری بکەن.
ئەو سێ وڵاتەی بەریتانیا بانگهێشتی نەکردوون پێكهاتوون لە رووسیا، بێلارووس و میانمار، هەروەها نوێنەرایەتی ئێران لە پرسەکەدا لەسەر ئاستی باڵیۆزەکەی دەبێت لە لەندەن.
باڵیۆزخانەی رووسیا تا ئێستا هیچ زانیارییەکی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکرانەکردووە، بەڵام دیمتری بیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا رۆژی هەینی رابردوو گوتی، "ئەگەرێکی زۆر دوورە سەرۆک ڤلادیمێر پوتن بەشداری پرسەکە بکات".
لەبارەی هۆکاری بانگهێشتنەکردنی ئەو وڵاتانە، سەرچاوەیەکی ئاست بەرز لە حکومەتی بەریتانیاوە بە CNNـی راگەیاند، بەهۆی لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، رووسیا و بێلارووس لە لیستی میوانەکان دوورخراونەتەوە، میانماریش بەهۆی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ موسڵمانانی رۆهینگا لە ساڵانی 2016 و 2017 کە لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە بەشێوەیەکی ناڕەوایانە بەئامانجگیران.
لەوانەشی کە دڵنیاییان داوە لە بەشداریکردن لە پرسەکەدا، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، سێرگیۆ ماتارێلا سەرۆکی ئیتاڵیا، فرانک واڵتەر شتاینمایەر سەرۆکی ئەڵمانیا، جایر بۆلسۆنارۆ سەرۆکی بەڕازیل و پاشای ئیسپانیا فیلیپی شەشەم.
بڕیارە تەرمی شاژنە ئێلیزابێس، رۆژی 19ی ئەیلوول لە رێوڕەسمێکدا لە کڵێسای ئابێی لە وێستمینستەر بە ئامادەبوونی زۆربەی سەرۆک و نوێنەرای وڵاتان بەخاکبسپێردرێت. پێشبینی دهكرێت زیاتر له دوو ههزار كهس له پادشا و سهرۆك و سهرۆك وهزیران و كهسایهتییه گرنگهكانی جیهان و بهریتانیا له كهنیسهی وێستمنستهر له مهراسیمی به خاكسپاردنی شاژنی كۆچكردووی بهریتانیا ئامادهبن.