ئیسماعیل قائانی بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن لە عێراقە

ئیسماعیل قائانی لە ناو زیارەتکارانی شیعەدا
ئیسماعیل قائانی لە ناو زیارەتکارانی شیعەدا

K24 - هەولێر

میدیاکانی ئێران، گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەردانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان بڵاوکردەوە، کە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن لە عێراقە.

بەگوێرەی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، ئیسماعیل قائانی بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن، سەردانی یەکێک لە شوێنەکانی مانەوەی زیارەتکارانی شیعەی فەلەستینی کردووە، بەڵام ئاماژە بەوە نەدراوە کە ئەو شوێنە دەکەوێتە کام شاری عێراقەوە، باس لەوەش نەکراوە، کە ئایا لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، لەگەڵ بەرپرسانی حزبی و حکومی عێراقدا کۆدەبێتەوە یان نا.

هاوشێوەی زیارەتکارانی دیکەی شیعە، ئیسماعیل قائانی لە سەردانەکەیدا بۆ چلەی ئیمام حوسێن لە عێراق، جلوبەرگی رەشی لەبەرکردووە و کڵاوێک و دەمامكێکی بەکارهێناوە.

لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە سەرەتای ساڵی 2020ـدا، ئیسماعیل قائانی لەلایەن عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرایە فەرماندەی فەیلەقی قودس. قائانی لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا، چەندینجار سەردانی عێراقی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و حزبیدا کۆبووەتەوە، بەڵام زۆرینەی سەردانەکانی نهێنی و رانەگەیەندراو بوون و کەمترین وێنەی سەردانەکانی بڵاوکراوەتەوە.

ساڵانە بۆ بەشداریکردن لە چلەی کوژرانی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی ئەبوتاڵیب، سەدان هەزار هاووڵاتی شیعە مەزهەب لە عێراق و وڵاتانی دیکە، لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە و بە کۆمەڵ شیوەن دەگێڕن.

بۆ ئەو رێورەسمە ئاینییەی شیعەکان، هەفتەیەکە دەروازەکانی عێراق بەڕووی زیارەتکارانی شیعەی ئێران و وڵاتانی دیکەدا کراوەتەوە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە 17ی ئەیلوولی رێوڕەسمەکە بەڕێوەبچێت.

ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە دەروازە سنووریەکانی (حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخانەوە) زیارەتکارانی شیعە، هاتوونەتە شارەکانی هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی دواتر سەردانی نەجەف و کەربەلا بکەن.