ژمارەی زیارەتکارە ئێرانییەکان لە پێنج ملیۆن نزیکبووەتەوە

K24 – هەولێر

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رایگەیاند کە تا ئێستا نزیکەی پێنج ملیۆن زیارەتکاری شیعە هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوە.

وەزیری ناوخۆی ئێران لە میانەی سەردانیدا بۆ دەروازەی سنووریی مێهران لە پارێزگای ئیلام، گوتی: تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن زیارەتکار لە ناو عێراقدان و هاوکات سەرووی ملیۆنێک و 500 هەزار زیارەتکاریش بۆ ئێران گەڕاونەتەوە.

بە پێی قسەی ئەحمەد وەحیدی، سەردان و هاتوچۆی زیارەتکاران لە هەر شەش دەروازەی سنووریی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ئاساییە و "دەتوانن بەبێ کێشە سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان بکەن". دەروازە سنوورییەکان ئەمانەن، خوسرەوەی، شەلەمچە، چزابە، مێهران، باشماخ و حاجی ئۆمەران.

وەزیری ناوخۆی ئێران گوتی: لە دەروازە سنوورییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ عێراق، هێچ کێشەیەکمان نییە، هەر کەسێک دەیەوێ بچێتە زیارەتی شوێنە پیرۆزەکان، دەتوانێت لە رێگەی ئەو دەروازانەوە، گەشتەکەی بکات.

ساڵانە بۆ بەشداریکردن لە چلەی کوژرانی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی ئەبوتاڵیب، سەدان هەزار هاووڵاتی شیعە مەزهەب لە عێراق و وڵاتانی دیکە، لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە و بە کۆمەڵ شیوەن دەگێڕن.

بۆ ئەو رێورەسمە ئاینییەی شیعەکان، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەروازەکانی عێراق بەڕووی زیارەتکارانی شیعەی ئێران و وڵاتانی دیکەدا کراوەتەوە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە 17ی ئەیلوولی رێوڕەسمەکە بەڕێوەبچێت.

ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە دەروازە سنووریەکانی (حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخانەوە) زیارەتکارانی شیعە، هاتوونەتە شارەکانی هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی دواتر سەردانی نەجەف و کەربەلا بکەن.