دایکی ماریا: کچەکەم لەدەستدا و کوڕەکەشم بووە قوربانی

"کوڕەکەم بکوژی خوشکەکەی نییە"
گەردوون محەمەد - دایکی گەردوون - فۆتۆ: ئازەر فاروق
گەردوون محەمەد - دایکی گەردوون - فۆتۆ: ئازەر فاروق

K24 – هەولێر

دایکی ئیمان سامی (ماریا) ئەو ئافرەتەی لە هەولێر کوژرا دەڵێت: کوڕەکەم بکوژی خوشکەکەی نییە و خەڵکی دیکە کچەکەمی کوشتووە.

ئەمڕۆ 14ی ئەیلوولی 2022، پارێزەری کەیسی کوژرانی ماریا و دایکی ماریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە بەڕێوەچوونی کەیسەکە کرد و گەردوون محەمەد، دایکی ماریا گوتی: "من چەند بەڵگەیەکم هەیە دەبێ دادگا بە کەیسەکەدا بچێتەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت، من کچەکەم لەدەستداوە و کوڕەکەشم کەوتووەتە زیندان و ئەویش بووەتە قوربانی".

گوتیشی: "هەر بوختیانێکم پێدەکەن و بە هەرچی تۆمەتبارم دەکەن با بیکەن، بەڵام لەوە دڵنیام کە کوڕەکەی من بکوژ نییە، ئەگەر بکوژیش بێت کەسێکی دیکەی لە پشتەوە بووە، کە لە کوڕەکەی من تۆمەتبارترە، چونکە کوڕەکەم زۆر خوشکەکەی خۆی خۆشدەویست و زۆریش هاوڕێ بوون".

دایکی ئیمان ( ماریا) راشیگەیاند: "بەوە تۆمەتبارم دەکەن کە کچەکەم لە ماڵەوە دەرکردبێت، بۆ ئەوەی شتی خراپ بکات تا ناوبانگی ئەوان لەکەدار بکەم، بەڵگەم هەیە کە ئەوە راست نییە".

دەشڵێت: "کچەکەی من توندوتیژی بەرامبەر کراوە و دەربەدەر کراوە، باوکی ژنی دیکەی هێناوە، مامەکانی چەند رۆژێک دەیان بردە لای خۆیان دواتر توندتیژیان بەرامبەر دەکرد و لێیان دەدات، منیشیان کردبووە دوژمنی، وایان تێگەیاندبوو کە من دایکێکی خراپم، فشیاری لەسەر بوو نەیاندەهێشت بێتە لای من".

داواشیکرد، پێداچوونەوە بە کەیسی کچەکەیدا بکرێت و گوتی: "کوڕەکەم مێشکی تێکچووە، لە دایکبووی ساڵی 2004ـە لە ناسنامە ساڵێک بە گەورە نوسیوومانە بۆ ئەوەی لەگەڵ ماریا بچێتە قوتابخانە، ئەو تەمەنە هی دەمانچە نییە، ئەگەر خۆشی ئەو تاوانەی کردبێت دەمانچەی دراوەتە دەست".

هەرێم رەفعەت، پارێزەری کەیسی ماریا، بە میدیاکانی گوت: "لە سێشەممەی داهاتوودا دادگا بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو تاوانەی دژی ماریا ئەنجامدراوە دەخوێنێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "کەیسی ماریا دەستێوەردانی تێدا کراوە و کەموکوڕی زۆری تێدا کراوە، لە پێشدا ئەوەمان بە دادگا گوتووە، بەڵام لەبەرچاو نەگیرا".

پارێزەری کەیسی ماریا، رەخنەی لە رێکخراوەکانی ئافرەتان گرت و گوتی: "دەبوایە ئەمڕۆ نوێنەری رێکخراوەکانی ئافرەتان لێرە بوونایە، بەڵام بەداخەوە نوێنەری هیچ رێکخراوێک لە دادگا ئامادەنەبوون".

ئیمان سامی ناسراو بە ( ماریا سام) تەمەن 20 ساڵ، لە شەوی 6/3/2022 لە شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر کوژرا، رۆژی 9ی ئادار، واتە سێ رۆژ دوای رووداوەکە پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، بکوژی ماریا لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک، هێزەکانی نە‌هێشتنی تاوانی کەرکووک و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بە ناوی ( ئ. س. م) لە شاری کەرکووک دەستگیرکرا.