ژمارەیەکی زۆری خێزانی کوردی کەرکووک خانووەکانیان دەفرۆشن

"ئێستا 80٪ـی دانیشتووانی گەڕەکی کوردستانی کەرکووک، عەرەبن"

K24 – هەولێر

نرخی خانوو و زەوی بە رێژەیەکی بەرچاو لە کەرکووک بەرزبووەتەوە. نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی، بازاڕیان گەرمە، بەڵام دڵساردن لەوەی زۆربەی فرۆشیارەکان کوردن. بە پێی زانیاریی راوێژکارێکی خانووبەرە، دۆخەکە بە شێوەیەکە کە ئێستا 80٪ـی دانیشتووانی گەڕەکی کوردستانی کەرکووک، عەرەبن.

نرخی زەوی و باڵەخانەکانی شەقامی کۆماریی کەرکووک، فڕیون و نرخی یەک مەتر لە نێوان 16 بۆ 20 ملیۆن دینار دایە.

کاسبکارانی ئەو شەقامە، سەریان لەوە سووڕماوە کە سەرەڕای لاوازیی بازاڕ، بەڵام بۆ نرخەکان و کرێ بەو شێوەیە بەرزبووەتەوە.

بە پێی قسەی چەند راوێژکارێکی خانووبەرە، عەرەبی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو روویان لە کڕینی خانوو و موڵک لە کەرکووک کردووە.

دانا جەباری، دووکاندارە و باس لە هەڵکشانی بەرچاوی نرخی زەوی و خانوو لەو شارە دەکات.

ئەو بە کوردستان24 دەڵێت: پێشتر لە کەرتی یەکی گەڕەکی شۆراو، زەوی بە 30 بۆ 35 ملیۆن دینار بووە، بەڵام ئێستا بۆ 45-50 ملیۆن دینار بەرزبووتەوە.

بە قسەی دانا، نرخی خانووش لەو گەڕەکە 30٪ تا 40٪ بەرزبووەتەوە.

سۆران مستەفا، کە ماوەیەکی زۆرە وەک راوێژکاری خانووبەرە کار دەکات، زانیارییەکانی دانا جەباری پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: زۆربەی کڕیارەکان هی خوارووی عێراقن.

ئەو زیاتر گوتی: خستنەڕوو زیاتر لە گەڕەکە کوردییەکانە. بە هۆی بارودۆخی ئەمنی و سیاسییەوە، خەڵکی کورد خانوو و موڵکی خۆیان دەفرۆشن و دەچنە هەولێر و سلێمانی.

نووسینگەی سۆران، لە گەڕەکی دەروازەیە و وەک خۆی ئاماژەی پێدا، لە ماوەی مانگێکدا هەر لە نووسینگەکەی ئەو، نزیکەی 15 خێزانی کورد خانوویان فرۆشتووە و بەرەو هەولێر و سلێمانی چوونە.

سۆران دەڵێ: جاران زیاتر لە 90٪ـی دانیشتووانی گەڕەکی کوردستان لە فەیلەق، کوردبوون، بەڵام ئێستا 80٪ـی دانیشتووانی عەرەبن.