پارتی و یەکێتی چارەنووسی پرسی هەڵبژاردن یەکلادەکەنەوە

لۆگۆی پارتی و یه‌كێتی
لۆگۆی پارتی و یه‌كێتی

K24 – هەولێر:

فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان،  بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چاوەڕێی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتین، بۆ ئەوەی دواتر وەک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئەنجامبدەین و وادەی هەڵبژاردن دیاریبکەین.

هەریری ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دوورترین ماوەدا، مانگی چواری ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت.

چاوەڕێ دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا، پارتی و یەکێتی لەسەر دوایین کۆسپەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆببنەوە، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، بەتایبەت لەسەر سیستەمی هەڵبژاردن، کە یەکێتی و چەند لایەنێکی دیکە داوای فرە بازنەیی دەکەن، لە بەرامبەردا پارتی پێشنیازیکردووە سیستەمی هەڵبژاردن له‌ سه‌دا پەنجا یەک بازنە بێت و سەتا پەنجاش فرە بازنە بێت.

ئەگەر هەڵبژاردن بۆ مانگی چواری ساڵی داهاتوو دوابخرێت، پێویستە پەرلەمانی کوردستان لەو ماوەیەدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن کارابکاتەوە، دواتر تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە.