نێچیرڤان بارزانی داوایه‌ك له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌‏
نێچیرڤان بارزانی داوایه‌ك له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ده‌كات
نێچیرڤان بارزانی داوایه‌ك له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان و شاندێكى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا، له‌باره‌ی دۆخى سياسيى عێراق و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا گفتوگۆیانكرد.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 14ـی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022) نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى په‌رله‌مانتارانى پارتى ( ‏SPD‏)ـى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا، به‌ ‏سه‌رۆكاتيى نيڵس شميد، كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ وه‌زيرى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ركى هێزه‌ ‏ئه‌ڵمانييه‌كان لە چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ‏دۆخى سياسيى عێراق، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ئابوورى و چالاكييه‌كانى كه‌رتى ‏تايبه‌ت، پرسه‌كانى ديموكراسى، مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێكران.‏

نێچيرڤان بارزانى دووپاتیكردوه‌، كه‌ داعش له‌ عێراق و سووريا هێشتا هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ‏راسته‌قينه‌يه‌ و بۆ له‌نابردنى تيرۆر، عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێويستييان به‌ هاريكاريى ‏و پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌،‌ هيواى خواست په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا له‌ ئۆكتۆبه‌رى داهاتوودا ‏بڕيار له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ى ئه‌ركى هێزه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بدات.‏

سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاريكاريى مرۆيى و سه‌ربازيى ئه‌ڵمانيا بۆ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتىكرده‌وه‌ كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ ‏بره‌ودان به‌ دامه‌زراوه‌كان و ديموكراسى و به‌ره‌وپێشبردنى بنه‌ماكانى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان، ‏پێويستيان به‌ يارمه‌تيى ئه‌ورووپييه‌كان هه‌يه و ده‌توانن له‌مباره‌وه‌ هاوكار بن.‏

وێڕاى ده‌ربڕينى پێزانينى وڵاته‌كه‌يان بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و قاره‌مانيه‌تيى پێشمه‌رگه‌ له‌ ‏تێكشكاندنى داعش، شاندى ميوان سه‌رساميى خۆيان به‌ پێشكه‌وتنه‌كان و ئاوه‌دانيى هه‌رێمى ‏كوردستان نيشاندا و خۆشحاڵيى خۆيان ده‌ربڕى كه‌ دواى تێكشكاندنى تيرۆر، پرۆسه‌ى ‏ئاوه‌دانى و وه‌به‌رهێنان ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ دۆستايه‌تى و هاوبه‌شيى ‏ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ئارامى و سه‌قامگيريى عێراقيان بۆ ‏ناوچه‌كه‌ به‌گشتى به‌ گرنگ زانى.‏

هه‌ماهه‌نگيى نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ‏ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.‏

897
9876