جۆزێپ بۆرێل: دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران بە بنبەست گەیشتوون

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا پێشنیاری ئەمەریکا و ئێران "لەیەک نزیکبوون"، بەڵام دواتر نەک ئەوەی نزیکنەبوونەوە، بەڵکو لەیەک دوورکەوتنەوە
جۆزێپ بۆرێل: ئیتر لەلایەن خۆمەوە هیچ پێشنارێک ناکەم.
جۆزێپ بۆرێل: ئیتر لەلایەن خۆمەوە هیچ پێشنارێک ناکەم.

K24 – هەولێر

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، دانوستانەکان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و گەڕانەوەی تاران و واشنتن بۆ سەر مێزی دانوستانەکان بە بنبەست گەیشتووە.

بۆرێل، رۆژی 14ـی ئەیلول رایگەیاند: بە لەبارچاوگرتنی دۆخی سیاسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دوودڵی لە بڕیارەکاندا، ئێستا لە بنبەست دەمێنینەوە.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە ماوەی 16 مانگی رابردوودا هەوڵی زۆری دا تا لە رێگەی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەمەریکا و ئێران، دۆخی گونجاو بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران ناسراو بە بەرجام، دەستەبەر بکات.

دوابەداوی بێئەنجامبوونی گفتوگۆکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی بەرجام و دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمەریکا بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە، جۆزێپ بۆرێل "دوایین پێشنیار"ـی بۆ دەربازبوون لە بنبەستی دانوستانەکان خستەڕوو.

ئێران و ئەمەریکا وەڵامی "دوایین  پێشنیار"ـی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپایان دایەوە، بەڵام ئێران لە دواوەڵامی خۆیدا داوای پێدانی گەرەنتی بۆ داخستنی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە چەند وێستگەیەکی ئەتۆمی وڵاتەکەی کرد. ئەو داوایە، ئومێدی وڵاتانی ئەوروپایی ئەندامی بەرجام و ئەمەریکای بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەکە، کەمکردەوە.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسا، بڵاویکردووەتەوە کە بە هۆی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە مانگی تشرینی دووەم، حکومەتەکەی جۆو بایدن رێگەیەکی دژواری بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە، چونکە ئەگەر هەیە ئەو پرسە کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەبێت.

جۆزێپ بۆرێل گوتی، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا پێشنیاری هەر دوو لایەن "لەیەک نزیکبوون"، بەڵام دواتر نەک ئەوەی نزیکنەبوونەوە، بەڵکو لەیەک دوورکەوتنەوە.

هەروەها رایگەیاند، "دوا پێشنیاری ئێرانییەکان هیچ یارمەتیدەر نەبوو، چونکە لە رێککەوتن نزیکبووین، دواتر پێشنیاری دیکە دران و کەشی سیاسیش بەردەوام لەبار نییە. زۆر بەداخەوەم لەم قسەیەم، بەڵام پێموانییە لە رۆژانی داهاتوودا پێشوەچوون بەدی بکرێت".

وڵاتانی ئەوروپایی ناو بەرجام (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) هەفتەی رابردوو دووپاتیانکردوە کە "گومانی جددی"ـیان لە نیەتی ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن هەیە.

ئێران هەڵوێستی سێ وڵاتە ئەوروپییەکەدا بە "نابونیاتنەرانە" وەسفکرد.   

جۆزێپ بۆرێل، هیچ هەنگاوێکی دیکەی بۆ دەربازبوون لە بنبەست و بەرەپێشچوون، نییە.

ئەو گوتوویەتی: ئیتر لەلایەن خۆمەوە هیچ پێشنارێک ناکەم.