به فه‌رمی لاورێنت بلان له راهێنه‌رایه‌تی پاریس سانجێرمان دووركه‌وته‌وه
یانه‌ی پاریس سانجێرمان ئه‌مڕۆ به فه‌رمی هه‌واڵی دوورخستنه‌وه‌ی لاورێنت بلانی راهێنه‌ری راگه‌یاند و ره‌نگه ئۆنای ئیمری شوێنی بگرێته‌وه.
بلانی ته‌مه‌ن 50 ساڵ، له هاوینی 2013 پۆستی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی پاریس سانجێرمانی وه‌رگرت له هه‌ر سێ وه‌رزه‌كه توانای نازناوی خولی لیگا وه‌نی وڵاته‌كه‌ی بۆ یانه پاریسییه‌كه بباته‌وه، به‌ڵام له هه‌ر سێ وه‌رزه‌كه‌ش له به‌ده‌ستهێنانی نازناوی چامپیۆنز لیگ بێبه‌ش بوو كه بردنه‌وه‌ی ئه‌م نازناوه ئامانجی سه‌ره‌كی و خه‌ونی له مێژینه‌ی یانه‌كه بوو.
به‌پێی هه‌واڵی ده‌یلی مه‌یلی به‌ریتانیا، یانه‌ی پاریس سانجێرمان له‌گه‌ڵ راهێنه‌ری ئیسپانی یانه‌ی سێڤییا ئۆنای ئیمری رێككه‌وتووه، ئامانجیش له هێنانی ئه‌م راهێنه‌ره ئه‌وه‌یه كه ئیمری ئه‌زموونی بردنه‌وه‌ی پاڵه‌وانییه‌تیی ئه‌ورووپی هه‌یه، به‌وپێیه‌ی له 3 وه‌رزی رابردوو توانیویه‌تی نازناوی یۆرۆپا لیگ بۆ یانه ئه‌نده‌نووسییه‌كه بباته‌وه.
بلان ئه‌زموونی راهێنه‌رایه‌تی له 2007 له‌گه‌ڵ یانه‌ی بۆردۆ ده‌ست پێكرد و توانی نازناوی خولی پله‌یه‌كی فره‌نسا بۆ ئه‌م یانه‌یه بباته‌وه، دواتر له نێوان ساڵانی 2010 ـ 2012 ئه‌ركی راهێنانی هه‌ڵبژارده‌ی فره‌نسای له ئه‌ستۆ گرت، دواوێستگه‌ی راهێنه‌رایه‌تیشی له یانه‌ی پاریس سانجێرمان بوو.