نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە سوریا دەدات

K24 – هەولێر

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە سووریا هۆشداری دا. بەگوێرەی زانیارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا لە چەند بەرەیەکی سووریا، پێکدادانەکان فراوان و توندتربوونە.

پاولۆ سێرجیۆ پینیرۆ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سووریا، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتی نوێی کۆمیسیۆنەکەی، گوتی: سووریا ناتوانێ بەرگەی شەڕێکی فراوانی دیکە بگرێت، بەڵام بەپێی نیشانەکان رەنگە هاتنەئارای دۆخێکی لەو شێوەیە، دوور نەبێت.

ئەو، رۆژی 14ـی ئەیلول لە شاری جنێف، روو لە رۆژنامەنووسان گوتی: لە قۆناغێکدا وادیاربوو کە شەڕی سووریا بەتەواوی کۆتایی هاتووە، بەڵام بە پێی بەڵگەکانی راپۆرتەکەمان، دۆخەکە بەو شێوەیە نییە.

بە پێی لێکۆڵینەوەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، حالەتە ئاشکراکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە تەواوی سووریا، زیادیکردووە.

بە پێی راپۆرتەکە، بە هۆی زیاتربوونی شەڕی وشکانی و بۆردوومانی ئاسمانیی رۆژهەڵات و رۆژئاوای باشووری سووریا لەلایەن رووسیاوە، بە دەیان هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و رەوتی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی وەک خواردەمەنی و ئاوی خواردنەوە، تووشی کێشە بووە.

هەروەها لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا، چەندین سەرکردەی پێشووی گرووپە دژبەرەکان کوژاون و هەڵکوتانە سەر ماڵان بەگومانی هاوکاری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەشکەنجە و بەندکردنیان، درێژەی هەیە.

بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریا کە لە ساڵی 2011ـەوە دەستیپێکردووە، بە سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ملیۆنان کەس ئاوارەبوونە. سووریا بووەتە گۆڕەپانی رکابەری هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و ئێستا حکومەتی دیمەشق و چەند گرووپێکی دیکە، فەرمانڕەوایی لەو وڵاتەدا دەکەن.

حکومەتی دیمەشق لەو ساڵانەی دواییدا بە هاوکاری سەربازیی رووسیا وئێران توانی نزیکەی 70٪ـی خاکی سووریا کۆنترۆڵ بکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هاوکاری لەگەڵ هێزە کوردییەکان، دەسەڵاتی داعشیان لە ناوندە و رۆژهەڵاتی سووریا کۆتایی پێهێنا. هاوکات تورکیا بە یارمەتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆی، بەشیک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی باکووری سووریایان کۆنترۆڵکردووە.

بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان کە رۆژی چوارشەممە (14ـی ئەیلول) بڵاوبووەوە، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا پێکدادانی سەربازی لە ناوچە جیاجیاکانی سووریادا، زیادیکردووە.

هانی میگالی، ئەندامی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سووریا، بە رۆژنامەنووسانی گوت: هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای رووسیا بۆ سەر پێگەی چەند هێزێکی ئۆپۆزسیۆن سووری زیاتربووە و بە گشتی توندوتیژی زیاتر دەبیندرێت.

لە راپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سووریا، هاتووە کە سوپای ئیسرائیل لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، دەیان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خاکی سووریا کردووە. یەک لەو هێرشانە، بۆردوومانی فرۆکەخانەی نێودەڵەتی دیمەشق بووە. بەپێی گوتەی نەتەوەیەکگرتووەکان، هێرشەکان بۆ ماوەی دوو هەفتە بوونەتە هۆی پەککەوتنی گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی لە رێگەی فرۆکەخانەکەوە.