دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی لەبارەی دەستووری هەرێمی کوردستان رەتکردەوە

"لایەنی سکاڵاکار دەبێت تێچووی دادگاییەکە و کرێی پارێزەرەکان بدات"
دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی

K24 - سلێمانی:

دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی لەبارەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان رەتکردەوە.

سکاڵاکە لەلایەن باسم خەشان ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پێی ماددەی 120ی دەستووری عێراق تۆمارکراوە و تێیدا داوایکردووە، لە ماوەیەکی کورتدا دەستووری هەرێمی کوردستان دابنرێت و سنووری دەسەڵاتەکانی و شێوازی جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکانی دیاریبکرێن، بەجۆرێک ئەو دەستوورە ناکۆک نەبێت لەگەڵ دەستووری هەمیشەیی عێراق.

لە وەڵامدا دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە (15ـی ئەیلوولی 2022) لە بڕیارێکدا ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە و رایگەیاندووە بەپێی دەستووری عێراق و یاسای دادگای فیدراڵی لە تایبەتمەندی ئەو نییە بڕیار لەسەر داوایەکی لەو شێوەیە بدات.

لە بڕیارەکەشدا هاتووە دەبێت، پەرلەمانتار باسم خەشان تێچووی دادگاییەکە و کرێی پارێزەرەکان بدات کە بڕەکەی 100 هەزار دینارە.

/