ملیاردێرێکی ئەمەریکی دەستبەرداری کۆمپانیاکەی دەبێت

"پارەکانی کۆمپانیاکەم بۆ پاراستنی سروشت بەکاردەهێنین"
ملیاردێری ئەمەریکی، ئیڤۆن شۆینارد
ملیاردێری ئەمەریکی، ئیڤۆن شۆینارد

K24 - هەولێر:

ئیڤۆن شۆینارد، ملیاردێری ئەمەریکی و دامەزرێنەری کۆمپانیای "پاتاگۆنیا" بۆ فرۆشتنی جلوبەرگ رایگەیاند، بڕیاریدا واز لە خاوەندارێتی کۆمپانیاکە بهێنێت و بیدات بە رێکخراوێکی متمانەپێکراو و قازانج نەویست.

کۆمپانیای "پاتاگۆنیا" تایبەت بە فرۆشتنی جلوبەرگ، بەرهەمەکانی لە زیاتر لە 10 وڵاتدا بەردەستە.

ئیڤۆن شۆینارد باسی لەوە کرد، دەستبەرداری پشکەکانی دەبێت لە کۆمپانیاکە و تەواوی قازانجەکەی دەداتە رێکخراوی Holdfast Collective، بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.

ئەو ملیاردێرە گوتیشی: لەبری ئەوەی سەرچاوەکانی سروشت دەربهێنین و بیکەینە پارە، پارەکانی پاتاگۆنیا بۆ پاراستنی سروشت بەکاردەهێنین.

ئاماژەی بەوەشدا، قازانجی کۆمپانیاکە ساڵانە دەگاتە 100 ملیۆن دۆلار.

کۆمپانیای پاتاگۆنیا لە ساڵی 1973 دامەزراوە، داهاتی ئەمساڵی بە یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت سامانی شۆینهارد نزیکەی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بێت.

پاتاگۆنیا
پاتاگۆنیا