یوڤێنتۆس له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ بڕیاره‌ قورسه‌كه‌ی دا

خه‌م و دڵته‌نگی هانده‌رێكی یوڤێنتۆس دوای شكستهێنانی یانه‌كه‌ی
خه‌م و دڵته‌نگی هانده‌رێكی یوڤێنتۆس دوای شكستهێنانی یانه‌كه‌ی

دوای دۆڕانەکەی یوڤێنتوس بەرامبەر بێنفیکا لە گەڕی دووەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، کارگێری یانەکە یەکسەر دوای یارییەکە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان کردووه‌، سکای سپۆرتیش زانیاری دەستکەوتووە لە کۆبوونەوەکە بڕیاری دوورخستنەوەی ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەر دراوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ، دوو راهێنەر بوونەتە قوربانی ئەنجامە لاوازەکانیان، توماس توخێل راهێنەری پێشووی یانەی چێڵسی، له‌گه‌ڵ دۆمێنیکۆ تێدێسکۆ راهێنەری یانەی لایپزیگ، دەنگۆیەکیش هەیە ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەری یوڤێنتوسیش دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر بێنفیکا، ببێتە سێیەم قوربانی ئەنجامە خراپەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ.

کارگێری خانمە پیرەکە تاوەکو یاریی گەڕی دووەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، هیچ دەنگێکیان لێوە نەهات بەهۆی ئەنجامە لاوازەکانی ئەم وەرزەیان، بەڵام دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر بێنفیکا، ئیتر بێ دەنگیان شکاندووه‌ و بڕیاری دوورخرستنه‌وه‌ی ئالێگریان داوه‌، به‌ڵام هێشتا به‌ فه‌رمی رایانگه‌یاندووه‌.

ماسێمیلیانۆ ئالێگری دوای ئەوەی وەرزی رابردوو جارێکی دیکە وەکو راهێنەری بیانکۆنێری دەست نیشانکرا، نەیتوانی ناسناوی سێریائەی بەدەست بێنێت، بەڵام بەرپرسانی یانەکە دەرفەتێکی دیکەیان پێدا، بە هیوای ئەوەی ئەم وەرزە بتوانێت قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام نەک نەیتوانیوە قەرەبووی ئەنجامە لاوازەکانی وەرزی رابردوو بکاتەوە، بەڵکو ئەنجامەکانی خراپتریش بوونە.

تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتی ئیتاڵیا زانیاری دەستکەوتووە، بەرپرسانی یانەی یوڤێنتوس لە هەوڵی رازی کردنی زینەدین زیدانن بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەیان، بژاردەی  یەکەمیشیان ئەو راهێنەرە فەرەنسیەیە.

سەرچاوەکە ئەوەشی باسکردووە، ئەگەر کارگێری یوڤی لە رازیکردنی زیدان سەرکەوتوو نەبوون، ئەو کات بژاردەی دیکەیان دەبێت، دیاترینیشیان توماس توخێل راهێنەرە دوورخراوەکەی پێشووی یانەی چێڵسی ئینگلیزیە.

ماسیملیانۆ ئالێگری راهێنه‌ری یانه‌ی یوڤێنتۆس
ماسیملیانۆ ئالێگری راهێنه‌ری یانه‌ی یوڤێنتۆس