تورکیا سنوورەکانی بە "دیواری ئەمنی" توند دەکات

دیمەنێکی سنووری نێوان تورکیا - ئێران
دیمەنێکی سنووری نێوان تورکیا - ئێران

K24 – هەولێر

حکومەتی تورکیا وەک هەوڵێک بۆ رێگرتن لە جموجۆڵی نایاسایی و هێرشی سەربازیی سنوورەکانی لەگەڵ ئێران بە "دیواری ئەمنی" توند دەکات.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی حکومەتی تورکیا بڵاویکردووەتەوە "بە مەبەستی پێشگرتن لە کۆچی نایاسایی، جموجۆڵی قاچاخچییان و دزەكردنی تیرۆریستان، کارەکانی دروستکردنی دیواری ئەمنی، قولەکانی چاودێری، لێدانی خەندەق لەسەر سنووری تورکیا - ئێران بەردەوامە".

لە پارێزگای وان-ی باکووری کوردستان، کە لەنێو پارێزگاکانی دیکەی تورکیا درێژترین سنووری هەیە لەگەڵ ئێران، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش بەردەوام بەسەر هێڵە سنوورییەکاندا دەگەڕێن.

وەک ئاماژەی پێکراوە، هەموو پێداویستییە تەکنەلۆجییەکانی وەک کامێرای چاودێری، تەلی هەستەوەر، دووربینی شەو و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە بەکاردەهێندرێن و راستەوخۆ رێگری لە هەر تێپەڕینێکی نایاسایی دەگیردرێت.

ئاژانسی هەواڵی حکومەتی تورکیا (ئەنادۆڵ) ئەوەشی خستووەتەڕوو، کارەکانی پڕۆژەی دروستکردنی دیواری ئەمنی لەسەر سنوور بە درێژایی 295 کیلۆمەتر کە لەئێستادا 64 کیلۆمەتری تەواو بووە، لەلایەن حەوت کۆمپانیا جێبەجێ دەکرێت و بە درێژایی 283 کیلۆمەتریش خەندەق لێدراوە. هەروەها کارەکانی دروستکردنی 51 قولەی ئەلیکترۆ ئۆپتیکاڵی تەواو بووە و پلان بۆ ئەوە دادەنرێت لەگەڵ تەواوبوونی دروستكردنی 72 تاوەری لێگۆ و 45 تاوەری مۆنۆبلۆك لە ماوەیەكی كەمدا سنوورەكە بە تەواوی بخرێتە ژێر كۆنترۆڵ.