به‌ ڤیدیۆ... ڕه‌شترین رۆژی لیۆنێل مێسی ببینه‌

زه‌حمه‌ته‌ هیچ یارییه‌ك هێنده‌ی فیناڵی كۆپا ئامێریكای 2016 دڵی مێسی بریندار كرد بێت
kurdistan24.net

ئەمە رەشترین رۆژی لیۆنێل مێسییە، لە کۆی ئەو ٦٤٤ یارییەی لیۆ لە کاروانی وەرزشی خۆی ئەنجامیداوە ئەستەمە هیچ یارییەک بە قەدەر فایناڵی کۆپا ئامێریکای ٢٠١٦ دڵی مێسی بریندار کردبێت.

چەند خولەکێک دوای لەدەست دانی ناسناوی کۆپا ئامێریکا و دۆڕانیان بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە بەرامبەر چیلی و شکستهێنانیان لە سێیەمین فایناڵی لەسەریەک، لیۆ تسۆنامییەکی دروستکرد و ئەو کوڕە ئارجێنتینییە کە سێ رۆژ لەمەوبەر رۆژی لە دایکببوونی بوو و تەمەنی گەیشتە ٢٩ ساڵ، بەیەکجاری وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاند.

سێرخیۆ ئەگوێرۆ کە لە میدیاکان وا بڵاوکرایەوە ئەویش هاوشانی خاڤیێر ماسکیرانۆ واز لە یاریی نێودەوڵەتی دەهێنن، رایگەیاند هەرگیز مێسی بەمشێوەیە نەبینیوە و لە ژووری جلگۆڕین یاریزانەکان دوای دۆڕانەکەیان خەم و گریان بەرۆکی گرتبوون و پێشتر کەس لیۆی لە ژووری جلگۆڕین بەمشێوەیە نەدیبوو.

مێسی دوای ١١ ساڵ لە پۆشینی درێسی سەماکارانی تانگۆ، کە ١١٣ یاریی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجام دان و بە تۆمارکردنی ٥٥ گۆڵ بووە گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکەی و ٣٥ گۆڵیشی بۆ هاونیشتیمانییەکانی دروستکرد، ئیتر بۆ هەتاهەتایە درێسی ئارجێنتێنا ناپۆشێتەوە و بێ ئەوەی هییچ ناسناوێکی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت، واز دەهێنێت.

مێسی پێش دەستپێکردنی کۆپا ئامێریکا بڕیاری دابوو تاکو جامەکە بەرز نەکاتەوە ریشی نەتاشێت، بەڵام بۆ چوارەم فایناڵ لیۆ خەونە لەمێژینەییەکەی نەهاتە دی و لەبری ئەوەی بەدبەختییەکانی مێسی لەگەڵ  هەڵبژاردەکەی کۆتایی پێ بێت، یاریکردنی ئەو جادووگەرە لەگەڵ سەماکارانی تانگۆ کۆتایی هات.