ئه‌ڵمانیا چالاكیی رووسنه‌فت سنووردار ده‌كات

لۆگۆی كۆمپانیای رووسنه‌فتی رووسی
لۆگۆی كۆمپانیای رووسنه‌فتی رووسی

K24 – هه‌ولێر:

وڵاتانی خۆرئاوایی ده‌ستیان كردووه‌ به‌ سزادانی كۆمپانیا رووسییه‌كان و رێگرتن له‌ كاركردنیان، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌ڵمانیا چالاكییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی رووسنه‌فتی رووسیی سنووردار كرد.

حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا، ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، ده‌ستیی خستووه‌ته‌ سه‌ر چالاكییه‌كانی رووسنه‌فت له‌ ئه‌ڵمانیا.

ئه‌و كۆمپانیا رووسییه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا زۆر پاڵاوتگه‌ی نه‌وتی هه‌یه‌ و ده‌سته‌به‌ری وزه‌ی نیشتمانی ده‌كات.

وه‌زاره‌تی ئابووری ئه‌ڵمانیا، رایگه‌یاند، لقه‌كانی رووسنه‌فت له‌ ئه‌ڵمانیا %12ی توانای نیشتمانی بۆ وه‌به‌رهێنانی بواری نه‌وت پێكده‌هێنن.

رایشگه‌یاند، سه‌رجه‌م كاره‌كانی ئه‌و كۆمپانیا رووسییه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی ئاژانسی نیشتمانی وزه‌ی ئه‌ڵمانیا.

سزادانی رووسنه‌فت له‌ لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌، دوای ئه‌وه‌ دێت، دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ژماره‌یه‌ك سزای دیكه‌ی به‌سه‌ر به‌رپرسانی رووسیادا سه‌پاند.

ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندووه‌، به‌ هۆی كاریگه‌ری و تێوه‌گلانیان له‌ شه‌ڕی ئۆكرانیا، سزای به‌سه‌ر ئه‌و به‌رپرسه‌ رووسانه‌دا سه‌پاندووه‌.

ئه‌وانه‌ی سزاكان ده‌یانگرێته‌وه‌، ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای ته‌كنۆلۆجی، به‌رپرس، كه‌سانی خاوه‌ن كار، بانكه‌كان، گرووپێكی نیمچه‌ سه‌ربازی و نزیك له‌ پوتنن.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ریكا رێككاری به‌هێزتر ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ سزادانی رووسیا له‌ پای ئه‌و تاوان و دوژمنكارییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئۆكرانیا ده‌یكات.

22 به‌رپرس و قه‌واره‌ی رووسیی خراونه‌ته‌ لیستی سزاكان، هه‌ندێكیان كه‌سانی نزیكی ره‌مه‌زان قادیرۆڤ، سه‌رۆكی كۆماری چیچانستانن.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر 31 كۆمپانیای بواری بۆشاییگه‌ری ئاسمانی رووسیادا سه‌پاندووه‌، ئه‌وانه‌ی مانگی ده‌ستكرد و ته‌كنۆلۆژیای پێشكه‌وتوو به‌رهه‌م ده‌هێنن.

هه‌روه‌ها پێنج به‌رپرسی دیكه‌ی رووسیا به‌ تۆمه‌تی بردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا سزایان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌.