باری تەندروستی کچەکەی عهقید سابیر ئاكرهیی ناجێگیرە
K24 – هەولێر
لەکاتی کوژرانی عهقید سابیر ئاكرهیی سێ کەس لەگەڵی برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکان کچەکەیەتی و باری تەندروستی ناجێگیرە.
ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24 لە ئاکرێ رایگەیاند، یەکێک لەو کەسانەی لەکاتی دەستڕێژی گولـلە لە عەقید سابیر برینداربوو، کچەکەیەتی کە تەمەنی 5 ساڵە و گولـلە بەر سەری کەوتووە، ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و باری تەندروستی ناجێگیرە.
گوتیشی: "لەکاتی کوژرانی عەقید سابیر، سێ کەس لەگەڵی برینداربوون، هاوسەر و کچەکەی و خوشکی هاوسەرەکەی، بۆ چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە دهۆک، بەگوتەی پزیشکان باری تەندروستی هاوسەرەکەی و خوشکی هاوسەرەکەی جێگیرە".
پەیامنێرمان راشیگەیاند، لەسەر داوای وەزارەتی پێشمەرگە لە رێوڕيشمێکدا ئەمڕۆ تەرمی عەقید سابیر لە ئاکرێ بەخاکسپێردرا.
گوتیشی: "ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە، دوای رووداوەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئاکرێ دەستگیرکراوە، بەڵام تائێستا دیارنییە بۆچی دەستڕێژی گولـلەی لە عەقید سابیر کردووە".
ئێوارەی دوێنێ 15ی ئەیلوولی 2022، عهقید سابیر جەمیل ئاكرهیی، ئهفسهری بەڕێوەبەرایەتی مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومهتی ههرێمی كوردستان، دەستڕێژی گولـلەی لێکرا و گیانی لەدەستدا، هەروەها هاوسەرەکەی و كچهكه و خوشكی هاوسەرەکەی لهگهڵیدابوون بریندارن.