ئەردۆغان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد خۆزگە دەخوازێت

بەشار ئەسەد - رەجەب تەیب ئەردۆغان
بەشار ئەسەد - رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 - هەولێر

سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، خۆزگە بەشار ئەسەدیش لە لوتکەی شەنگەهای میوانداری دەکرا، بۆ ئەوەی لەگەڵی کۆببایەوە.

رۆژنامەی حورییەتی نزیك لە حكومەتی توركیا بڵاویکردووەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكکۆماری توركیا لە کۆبوونەوەی پارتی ئاکپارتی بەر لەوەی بەرەو سەمەرقەندی ئۆزبەگستان بەڕێ بکەوێت، گوتویەتی: "خۆزگە لە لوتکەی رێکخراوی هاریکاری شەنگەهای، بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریاش میوانداری دەکرا، بۆ ئەوەی بە یەوەکە کۆبووباینەوە".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشداوە "بەهۆی سیاسەتی بەشار ئەسەد، کە هەوڵی پارێزگاری لە دەسەڵاتی خۆیدا و لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن کەوتە شەڕ، خەریکە سووریا پارچە پارچە دەبێت، بەم هۆیەشەوە بەشێکی زۆری هاووڵاتییەکانی لەدەستداوە".

بڕیارە لە پەراوێزی لوتکەی رێکخراوی شەنگەهای، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و ئیبراهیم رەیسی سەرۆککۆماری ئێران، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی سووریا بکەن.