تەقەکەرێک لە سلێمانی دەستگیرکرا

"بەهۆی تەقەکردنەوە کەسێک برینداربوو"
وێنەی ئەو کەسەی دەستگیرکراوە
وێنەی ئەو کەسەی دەستگیرکراوە

K24 - سلێمانی

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکردووە، کە شەوی رابردوو لە نزیک پردی خەسرەو خاڵ ، تەقەی کرد و کەسێکی بریندارکرد.

لە راگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی کە ئەمڕۆ شەممە (17ی ئەیلوولی 2022) بڵاوکراوەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوەکراوە "دوای ئەوەی شەوی رابردوو رووداوێكی تەقەكردن لە نزیك پردی خەسرەو خاڵ لە شاری سلێمانی روویدا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بنكەی پۆلیسی رزگاری راسپارد، بەدواداچوونی بەپەلە بكەن بۆ روداوەكە، دەستبەجێ‌ مەفرەزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و دەركەوت، كە تۆمەتبارێك هاوڵاتییەكی بە فیشەك بریندار كردووە و هەڵاتووە".

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیاندا، توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا و هەر لە شەوی رابردوودا، تۆمەتبار بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن و دەست بەسەر چەکێکی جۆری دەمانچەیەک و ئۆتۆمبیلێکدا بگرن، کە تۆمەتبارەکە لەکاتی رووداوەکەدا بەکاریهێنابوون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، تۆمەتبار ( ب ، م ،م) لەدایكبووی 1975 بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامن.