کۆنفرانسێک لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ لافاو لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

کۆنفرانسەکە بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24ـە و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت
دیمەنێکی کۆنفرانسەکە
دیمەنێکی کۆنفرانسەکە

K24 - هەولێر

لەژێر چاودێرى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24، بە سەرپەرشتى پارێزگاى هەولێر و بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان، کونسوڵ، نوێنەرى وڵاتان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناحکومیەکان، دەزگا خێرخوازییەکان، کۆمپانیا گەورەکان، چەندین پسپۆڕ و شارەزایانى تایبەت بەم پرسە و مامۆستایانى زانکۆ، کۆنفرانسی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ لافاو لە هۆڵى سەعد عەبدوڵڵا  لە هەولێر دەستیپێکرد.

ساناو فەرەیدوون، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری کارگێڕی و دارایی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای روودانی لافاوەکەی ساڵی رابردوو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانیدا بۆ پێکهێنانی چەند لیژنەیەک، بۆ ئەوەی لە هۆکارەکان بکۆڵنەوە و چارەسەری بابەتەکە بخرێتەڕوو، خاڵێکی فەرمانەکە بەستنی کۆنفرانسێک بوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، ئەمڕۆ کۆفرانسەکە لە هەولێر دەستی بە کارەکانی خۆی کرد، چەند مامۆستایەکی زانکۆ بانگهێشت کراون کە شارەزان لەو بابەتە".

ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە ئەو پڕۆژانە پێشکەش بە حکومەت بکرێن، کە کاریگەری باشی هەبێت، بۆ ئەوەی لافاو کەمترین زیانی لەسەر شاری هەولێر دەبێت.  

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە وتاری دەسپێکی کۆنفرانسەکەدا گوتی: "ئەو کۆنفرانسە دوو رۆژ دەخایەنێت و ئەمڕۆ و بەیانی بەردەوام دەبێت، چوار تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێت، کە بریتین لە: پلان و بەرنامەی رووبەڕووبوونەوەی لافاو و چۆنیەتی ئیدارەدانی لافاو، تەکنیکییەکانی عەمبارکردنی ئاوی لافاو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی، رێکخستنی رێڕەوی ئاو لە گوندەکانی دەوروبەری هەولێر، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئاوی سەر خاک لەکاتی بارانبارینی زۆر".