دەمیرتاش: شەڕەفمەندم ئەگەر ببمە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆن

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوووی هەدەپە - ئەرشیف
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوووی هەدەپە - ئەرشیف

K24 - هەولێر

دەمیرتاش رایدەگەیەنێت، شەرەفمەند دەبێت ببێتە کاندیدی هاوبەشی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بەڵام ئەوە ناکرێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە گرتووخانەی ئەدرنەوە، لە وەڵامی پرسیاری میدیایەکی تورکیا رایگەیاند "ئەگەر لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن وەک کاندیدی هاوبەش دیاری بکەن شەرەفمەند دەبێت، بەڵام بەهۆی هۆکارە دیارەکان، لەم هەڵبژاردنەدا ئەو ناکرێتە کاندید".

گوتیشی "ئەو کەسەی کە لایەنەکان دەیکەنە کاندیدی هاوبەش، دەبێت دیموکراتخواز بێت و بتوانێت هەموو پێکهاتەکانی تورکیا کۆبکاتەوە".

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا لە مانگی حوزەیرانی 2023 بەرێوەبچێت، سێ بەرەی سەرەکی لە هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمانی کێبڕکێ دەکەن، ئەوانیش (هاوپەیمانی کەد و ئازادی) کە لایەن پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە سەرپەرشتی دەکرێت، هەروەها هاوپەیمانی (جموور) پێکهاتووە لە ئاکپارتی و مەهەپە، هاوپەیمانیەتییەکی دیکەی شەش قۆڵی هەیە ئەوانیش شەش پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیان.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا ساڵی 2018 هەدەپە 67 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، 11 پەرلەمانتاری ئەو حزبە مافی پەرلەمانتاریان لێسەندرایەوە، ئێستا هەدەپە سێیەم فراکسیۆنی گەورەی ناو پەرلەمانی تورکیایە.