خۆپیشاندانەکەی سەقز کوژرا و برینداری لێکەوتەوە

کوشتنی ژینا کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە
دیمەنێکی خۆپیشاندەران لەکاتی برینداربوونیان
دیمەنێکی خۆپیشاندەران لەکاتی برینداربوونیان

K24 – هەولێر

ئاپۆڕای خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ئەوەی (ژینا ئەمین)ـیان بەخاکسپارد، بەرەو قایمقامیەتی ئەو شارە بەڕێکەوتن و دروشمیان بۆ مەحکومکردنی ئەو تاوانە دا. خەڵک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیان لێکرا و بە گوێرەی زانیارییەکان، کوژرا و بریندارهەیە.

ئەمڕۆ (شەممە 17ـی ئەیلول) تەرمی ژینا ئەمینی گەیشتەوە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناو ئاپۆرای خەڵکدا و لە گۆڕستانی "ئایچی" بە خاکسپێردرا.

وەک لەو وێنە و ڤیدیۆیانەی بۆ کوردستان24 نێردراون، دیارە کە بە هەزاران خەڵک لەو رێورەسمەدا بەشداربوونە و دوای ناشتنی تەرمی ژینا، چەندین دروشمی وەک "نەمان بۆ دیکتاتۆر" لەلایەن خەڵکەوە گوترا.

خەڵکەکە دواتر چوونە بەردەم قایمقامیەتی سەقز و داوای ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەو تاوانە و بەسزاگەیاندنی بکەرکانیان کرد. هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی بڵاوەپێکردنی خەڵک، تەقەیان کرد و بە هۆیەوە کوژرا و بریندار هەیە. تا ئێستا زانیاری ورد لەبارەی ژمای قوربانیانەوە نییە.

ژینا ئەمینی رۆژی 13ـی ئەیلول کاتێک لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ تاران گەشتی کردبوو، بە تۆمەتی "رەچانەکردنی باڵاپۆشی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تارانەوە گیرا.

وەک بنەماڵەکەی بڵاویانکردووەتەوە، ژینا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە توندوتیژی بەرامبەر کراوە و دوای لەهۆشخۆچوون و جەڵتەی دڵ و مێشک، رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و رۆژی هەینی (16 ئەیلول) گیانی لەدەستدا.