تۆتاڵی فەڕەنسی سهدا 18ـی پشکەکانی لە بلۆکی سەرسنگ بە شاماران دەفرۆشێت
کۆمپانیای HKNـی ئەمریکی خاوەنداری 62%ـی پشکەکانی بلۆکی سەرسەنگ دەکات
K24-ههولێر:
کۆمپانیای تۆتاڵی ئێنێرجی فەڕەنسی رایگەیاند، بە تەواوی سەدا 18ـی پشکەکانیان لە بلۆکی سەرسنك بە بەهای 155 ملیۆن دۆلار فرۆشتووە.
لە راگەیاندراوی کۆمپانیای تۆتاڵدا هاتووە پشکەکانیان بە کۆمپانیای شاماران فرۆشراوە، کە لە کەنەدا و سوید تۆمارکراوە، تیشکی سەرەکی کۆمپانیاکە پڕۆسەی گەڕان و پەرەپێدانە لە کوردستانە.
کێڵگەی سەرسنگ ساڵی 2011 دۆزراوەتەوە، سەدا 62ـی کارەکانی لە لایەن کۆمپانیای HKNـی ئەمریکی بەڕێوەدەبردرێت، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خاوەنداری سەدا 20ـی دەکات.
پشکی کۆمپانیای تۆتاڵیش لە ساڵی 2021 نزیکەی 3500 بەرمیل نەوتی رۆژانە بوو.
ئەمە لە کاتێکدایە، کۆمپانیای HKN یەکێک بوو لەو کۆمپانیا ئەمریکییانە داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان کرد، دەستوەردان لە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی کەرتی نەوت و گازی هەرێ کوردستان بکات.
هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە لە بڕیارەکەدا کۆمپانیا ئەمریکییەکان زیانمەندی سەرەکی دەبن و رێگری لە کۆمپانیاکانی رووسیا نەکراوە تاوەکو کارەکانیان رابگرن، هەروەها بە پەککەوتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئاستی هاوردەی وزەی تورکیا، لە ئێران و رووسیا زیاتر دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، چەندین کۆمپانیا و کۆنگرێسمان و سیناتۆر داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان کردووە، لەبارەی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا بێتە سەر هێڵ، لە وەڵامدا بە گوێرەی راپۆرتێکی پێگەی میدڵ ئیست ئی بەریتانی، ئێستا ئەمریکا گوشارەکانی چڕ کردووەتەوە و ترسی هەیە کارکردنی کۆمپانیاکانی لە هەرێمی کوردستان رابگیرێن.
باربارا لیڤ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندووە، واشنتن لەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی نیگەرانە و مەترسی زۆر لە جێبەجێکردنی هەیە، دەرهاویشتە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێنێت.
لە راپۆرتەکەی میدڵ ئیستدا هاتووە، ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی، کەشێکی بێ متامەنەیی بۆ ژینگەی ئابووری عێراق دەخوڵقێنێت.
بە مەبەستی گەیشتنە ئەنجامێک، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هەولێر و بەغدا کردووە بە ئامادەبوونی لایەنی سێیەم دەست بە دانووستاندنەکان بکەن، تاوەکو وەک نێوەندگیرێک بەردەوام چارەسەری کێشەکان بکات، و پێشی وایە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ هەولێر و بەغدا لە بارەیەوە بگەنە رێککەوتن.
زیاتر لە دەیەیەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پشت بەستن بە یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007 کە لەپەرلەمان دەکرا، پەرەی بە ژێرخانی نەوت و گاز داوە و توانیویەتی لە رێگەیەوە کەرتی وزە بەڕێوەببات.