دەست بەسەر 30 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیرا

ئەو تۆمەتبارەی 30 کیلۆگرام ماددەی کریستاڵی لێگیراوە
ئەو تۆمەتبارەی 30 کیلۆگرام ماددەی کریستاڵی لێگیراوە

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، رایگەیاند کە لە شاری دهۆک دەستیان بەسەر 30 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گرتووە.

لە راگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان کە رێکەوتی ئەمڕۆ (شەممە 17ـی ئەیلول)ـی بەسەروەیە، هاتووە " رێکەوتی 16ـی ئەیلول، لە دوای بەدواداچوون و چاودێرییەکی ورد لەلایەن ئەفسەر و کارمەندانی بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دهۆک سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، تواندرا لە ناو شاری دهۆک دەست بە سەر 30 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری (کریستاڵ)ـدا بگیرێت و هەروەها تۆمەتبارێک بە ناوی (م . ع . ح) لەگەڵیدا دەستگیرکرا."

هەر لەو راگەیەندراوەدا هاتووە کە "لە رێکەوتی 11ـی ئەیلول، بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سۆران، دەستی بەسەر 250 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گرت و سێ تۆمەتباریشی بە ناوەکانی (ل. ج. ا) و (ز. س. ج) و (د. ع. ح) دەستگیرکرد."

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دووپاتیکردووەتەوە کە "لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکان بەردەوامن، پەراوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و بە دادگا دراون."