كازاخستان ناوی پێشوو بۆ پایته‌خته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێـته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی كازاخستان بریاریدا جارێكی‌تر ناوی پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ی به "ئاستانه" بناسێنێت، كه پێشتر به‌ناوی سه‌رۆكی پێشووه‌وه بۆ "نور سوڵتان" گۆڕدرابوو.
نووسینگه‌ی سه‌رۆكی كازاخستان ئاشكرایكرد، قاسم جۆمارت تۆكایڤ، سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته واژووی له‌سه‌ر یاسای گۆڕانكارییه ده‌ستوورییه‌كان كردووه و ناوی پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ی له "نورسوڵتان"ه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر ناوی پێشووی "ئاستانه".
له مانگی ئاداری ساڵی 2019، ناوی پایته‌ختی كازاخستان گۆڕدرا بۆ "نور سوڵتان"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ نور سوڵتان نزارباییفی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌و وڵاته.
به‌پێی گۆڕانكارییه ده‌ستوورییه‌كانی دیكه، ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی له‌و وڵاته ده‌كرێـته حه‌وت ساڵ، به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی هه‌ڵبژاردنه‌وه یان نوێكردنه‌وه بۆ سه‌رۆك هه‌بێت، كه پێشتر ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی پێنج ساڵ بووه له‌گه‌ڵ پێدانی مافی دووباره هه‌ڵبژاردنه‌وه بۆ دوو ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی له‌سه‌ریه‌ك.
دوێنێ هه‌ینی (16ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، په‌رله‌مانی كازاخستان گۆڕانكارییه‌كانی ده‌ستووری وڵاته‌كه‌ی په‌سه‌ندكرد و سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ش پێشتر رایگه‌یاندبوو، له پاییزی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجامده‌درێت، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه.
نزارباییف كه ته‌مه‌نی 82 ساڵه، له ساڵی 1991 سه‌رۆكایه‌تی كازاخستانی وه‌رگرت كاتێك وڵاته‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یاند دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، له ساڵی 2019 به‌شێوه‌یه‌كی له‌ناكاو ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه.
له‌دوای ئه‌ویش قاسم تۆكاییڤ، سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی وه‌رگرت و ده‌ستیكرد به كۆمه‌ڵێك چاكسازی و دوورخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی و چه‌ندین كه‌سی نزیك له سه‌رۆكی پێشوو له ده‌سه‌ڵات به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی ماڵی گشتی.