مەهدی کەروبی رەخنەی توندی لە عەلی خامنەیی گرت

"ئەو وڵاتە بە تەنیا موڵکی کەس نییە"
مەهدی کەروبی، سەرۆکی پێشووی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ئێران
مەهدی کەروبی، سەرۆکی پێشووی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ئێران

K24 – هەولێر

مەهدی کەروبی، یەک لە رێبەرانی رەوتی سەوز، کاردانەوەی بەرامبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی نیشان دا و لە بەیاننامەیەکدا، رەخنەی لە عەلی خامنەیی رێبەری ئێران گرت.

مەهدی کەروبی، سەرۆکی پێشووی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەکەی خۆیدا دووپاتیکردووەتەوە، "ئەو وڵاتە بە تەنیا موڵکی کەس نییە و ناکرێ هەموو شتێکی وەکوو شەرع، یاسا و ئەخلاق ببێتە قوربانیی دەسەڵاتدارێتی تاکەکەسی".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر بەرپرسانی جێبەجێکار و داد لەگەڵ ئێمە لەبارەی ئەنجامی نەرێنی سیاسەتە زۆرەملێکان هاوڕابوون، بەڵام بە هۆی بۆچوونەکانی بەڕێز خامنەییەوە هیچ شتێک لەوبارەیەوە نەکرا".

کەروبی لە درێژەی بەیاننەماکەیدا نووسیویەتی، "خەمخۆرانی وڵات لە دەیەکانی رابردوودا چەندین جار لەبارەی کاریگەری نەرێنی لێپێچینەوەی ژنان و کچان لەسەر شەقامەکان و سیاسەتە شکستخواردووەکانی حکومەت لەوبارەوە، قسەیان کردووە و داوای چاککردنی هەڵسوکەوتەکانیان کردووە، بەڵام دژایەتی ئاشکرای بەڕێز خامنەیی نەک ئەوەی ئەگەری چاکسازی و گۆڕانکاری لەو بوارەدا تووشی بنبەست کرد، بەڵکو بە لادانی هێز و لاوازکردنی دامەزراوە یاساییەکان، گۆڕەپانیان بۆ رەوتە توندئاژۆکانی سەر بە دەسەڵات خۆش کرد".

مەهدی کەروبی پێشتریش، دژایەتی خۆی لەگەڵ باڵاپۆشی زۆرەملێ راگەیاندبوو و گوتی، باڵاپۆشی زۆرەملێ دوای شۆڕشی ئیسلامی، هەوڵێکی ناسیاسیانە و نابەجێ بوو.

هاوکات بەشێک لە پیاوانی ئایینی ریفۆرمخواز، لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسانی باڵای ئێران و لەوانە عەلی خامنەییان بە بەرپرسی مردنی ژینا ئەمینی زانیوە.

لە بەیاننامەیەدا کە ئیمزای کەسانی وەک (حەسەن یوسفی ئەشکوری، عەلیرەزا رەزایی، رەزا عەلیجانی و سەدیقە وەسمەقی)ـی لەسەرە، هاتووە "هاندان بۆ چاکە و دوورخستنەوە لە خراپە، بووەتە ئامرازی کۆیلەکردنی خەڵک و بێدەنگکردنیان".

ئەو کەسانە لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوای نەهێشتنی گەشتی ئیرشاد [هێزێکی تایبەتە بۆ سەپاندنی باڵاپۆشی] دەکەن و دووپاتیانکردووەتەوە، "ئاسایش و پێشکەوتنی ئێران، پەیوەستە بە نەمانی حکومەتی ستەمکاری ئایینی".