هاشتاگی "مەهسا_ئەمینی" ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد

ژینا ئەمینی
ژینا ئەمینی

K24 – هەولێر

هاشتاگی "مەهسا_ئەمینی" لە ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا تا بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە 18ـی ئەیلول)، لە دوو ملیۆن تویت و 11 ملیۆن لایک تێپەڕی و بەو پێیە پێش هاشتاگی (لە سێدارە مەدە) کەوت کە سێ ساڵ پێشتر بووە بە ترێندێکی جیهانی.

کەناڵی شیکردنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەیەوە بڵاویکردەوە کە "بەپێی ئامارەکان، گرنگییەکی زۆر بە پرسی مەهسا (ژینا) ئەمینی دەدرێ و دەکرێ لە پاڵ هاشتاگی #لە سێدارەی مەدە، وەک گرنگترین هاشتاگی مێژووی تویتەری فارسی ناوبێنین".

کاردانەوەی خەڵکی ئێران بەرامبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەشدا زۆر فراوان بووە، بەڵام بوون بە ترێند لە ناو تویتەردا لەو روانگەیەوە گرنگییەکی فراوانی هەیە کە رای گشتی جیهانی بۆ ئەو پرسە راکێشاوە.

هەژماری مەسیح عەلینەژاد، چالاکڤانی بوار داکۆکیکردن لە مافی ژنان، یەک لەو هەژمارانەیە کە لە بە میدیاییکردنی ئەو پرسانەدا، چالاکە و رۆڵی هەیە.

هەژماری مەسیح عەلینەژاد، لە کاتی بڵاوکردنەوەی "رۆژی دووشەممە مانگرتنی گشتی لە کوردستانەوە تا تاران"، بە هۆی یاساکانی تویتەر و بڵاکردنەوەی "دیمەنی توندوتیژی" بۆ ماوەیەکی کاتی راگیرا، بەڵام کەمیک دواتر لەلایەن تویتەرەوە بەردەست کرا.

ژینا ئەمینی رۆژی 16ـی ئەیلول لە تاران گیانی لەدەستدا و رۆژێک دواتر لە گۆڕستانی ئایچیی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بە خاکسپێردرا.

کوژرانی ژینا ئەمینی بە بیانووی "رەچاونەکردنی باڵاپۆشی"، کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستان ئێران، داوایان لە خەڵک کرد بۆ مەحکومکردنی ئەو تاوانە، رۆژی دووشەممە 19ـی ئەیلول، لە تەواوی کوردستان بە گشتی مانبگرن.