وەزیری پەروەردە وادەی تەواوبوونی وەرزی یەکەمی خوێندنی راگەیاند

"هەشت ملیۆن لیتر نەوت بۆ قوتابخانەکان تەرخان دەکرێت"

K24 – هەولێر

وەزیری پەروەردە رایگەیاند، پێش سەری ساڵی داهاتوو، وەرزی یەکەمی خوێندن تەواو دەبێت و ئاشکراشی کرد، ئەمساڵ هەشت ملیۆن لیتر نەوت بۆ قوتابخانەکان تەرخان دەکرێت و رەزامەندی لەسەر دراوە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند: "دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندن بەگوێرەی پەیڕەوی قوتابخانە بنەڕەتی و خوێندنگا ئامادەییەکانی ساڵی 2009ـە و لە دەرەوەی یاسا نییە، بەپێی ساڵنامەی خوێندن پێش سەری ساڵی 2023، وەرزی یەکەمی خوێندن تەواو دەکەین، هەروەها بۆ 8/5/2023، هەموو بابەتەکانی پۆلە ناکۆتاکان لە خولی یەکەم بە تاقیکردنەوەکانیش کۆتایی پێدێت، چونکە ئەمساڵ رەمەزان پێش مانگی چوارە و لە ساڵنامەکە هەموو ئەو شتانە لەبەرچاو گیراون، ئەگەر خوێندن لە مانگی 10 دەستپێبکەین لەوسەریشەوە مانگی شەش گەرمە".

لەبارەی دابەشکردنی نەوت بەسەر قوتابخانەکان، وەزیری پەروەردە رایگەیاند: "رەزامەندی دراوە کە هەشت ملیۆن لیتر نەوت بۆ قوتابخانەکان دابین بکرێت، پارەی بۆ تەرخانکراوە و ئومێد دەکەین کاروبارە داراییەکانی زوو تەواو بکرێن".

ئالان حەمە سەعید، ئاماژەی بەوەشکرد: "بە بڕی 20 ملیار دینار کەلوپەل بۆ قوتابخانەکان دەکڕدرێت، پڕۆژەی دروستکردنی 73 قوتابخانە و باخچەی ساواییان لە هەرێمی کوردستان تەواو دەکرێن، لەو ژمارەیە 60یان لە پڕۆژە تەواو نەکراوەکانن و ئەمساڵ تەواو دەکرێن، 13ی دیکەشیان پڕۆژەی نوێنن و دروست دەکرێن، فەرمانی سەرۆکی حکومەت بۆ دروستکردنیان دەرچووە".