نێچيرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ شا چارلسى سێيه‌م ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی به‌شداری له‌ مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی شاژنه‌ ئێلیزابێسی دووه‌م ده‌كات
نێچيرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ شا چارلسى سێيه‌م ده‌كات
نێچيرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ شا چارلسى سێيه‌م ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

بۆ بەشدارى لە رێوڕەسمى ماڵئاواییکردن له‌ شاژنى كۆچكردوو ئێلێزابێسى دووەم، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ به‌ریتانیا و سه‌ره‌خۆشيى خۆى، گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى به‌ شا چارلسى سێيه‌م گه‌ياند.

ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: دواى گه‌يشتنى به‌ به‌ريتانيا، بۆ بەشداریكردن لە رێوڕەسمى ماڵئاوایی له‌ شاژنى كۆچكردوو ئێلێزابێسى دووەم، ئێواره‌ى ئەمڕۆ (یەکشەممە 18ـی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2022)، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى شا چارلسى سێيه‌م، شاى شانشينى يه‌كگرتوو، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و رێبه‌رانى وڵاتانى جيهان له‌ كۆشكى شاهانه‌ى به‌كينگهام له‌ له‌نده‌ن، به‌ ياوه‌ريى باڵيۆزى عێراق له‌ به‌ريتانيا، به‌شدارى له‌ رێوڕه‌سمى پێشوازى له‌ ميوانانكرد.

نێچيرڤان بارزانى، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى خۆى، گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى، به‌ شا چارلسى سێيه‌م، خانه‌واده‌ى شاهانه‌، گه‌ل و حكوومه‌تى شانيشنى يه‌كگرتوو و وڵاتانى كۆمۆنوێڵس گه‌ياند و هاوسۆزى و هاوخه‌مى له‌گه‌ڵياندا دووپاتكرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ شا چارلسى سێيه‌م، سوپاس و پێزانينى بۆ نێچيرڤان بارزانى و به‌شدارييان له‌ پرسه و رێوڕه‌سمى ماڵئاوايى له‌ شاژن ئێلێزابێسى دووه‌مدا ده‌ربڕى.

نێچيرڤان بارزانى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى حكوومه‌تى به‌ريتانيا، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و رێبه‌رانى وڵاتانى جيهان، بۆ بەشدارى لە رێوڕەسمى ماڵئاواییکردن له‌ شاژنى کۆچکردووى شانشینى یەکگرتوودا گه‌يشته‌ له‌نده‌ن و هه‌ر ئه‌مشه‌و له‌به‌رده‌م تابووته‌كه‌يدا له‌ په‌رله‌مانى شانشينى يه‌كگرتوو، به‌شدارى له‌ رێوڕه‌سمى ماڵئاوايى و ده‌ربڕینی رێز بۆ شاژنه‌ ئێلیزابێسی دووه‌م ده‌كات.