لهندهن.. بایدن و هاوژینهكهی سەردانی تابووتی شاژنە ئێلیزابێسی دووهمیان كرد
K24 – ههولێر:
سەرۆکی ئەمهریکا و خانمی یەکەمی ئەو وڵاتە، سەردانی تابووتی شاژنە ئێلیزابێسی دووهمیان کرد.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمهریکا و جیڵ بایدنـی هاوسەری، لە هۆڵی ویستمینیستەر لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، سەردانی تابووتی شاژنە ئێلیزابێسی دووهمیان کرد.
بایدن و خانمی یەکەمی ئەمهریکا، کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژنە ئێلیزابێسی دووهم گەیشتنە بەریتانیا و سەردانی تابووتی شاژنە ئێلیزابێسیان کرد و رێزیان بۆی نواند.
لە کاتی سەردانەکەدا ئەوە بەدی کرا کە سەرۆکی ئەمهریکا دەستی بەسەر دڵییەوە بوو و دەیڕوانییە تابووتی شاژنە ئێلیزابێس.
جۆ بایدن، لە دوای سەردانی تابووتەکە روویکردە کۆمەڵگەی مێژوویی لانکاستەر هاوس-ی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و لەوێ دەفتەری پرسەنامەی واژووکرد.
بایدن، لە دەفتەرەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، کە شاژنە ئێلیزابێس دایکی وەبیرهێناوەتەوە و ناسینی بە شانازییەک وەسفکرد.
بایدن، لە دەفتەرەکەدا نووسی: "تەواوی گەلی بەریتانیا، گەلی یەکێتیی شاهانە، دڵمان لەگەڵتانە، ئێوە گەلێکی بە بەخت بوون کە بۆ ماوەی 70 ساڵ (شاژنە ئێلیزابێسی دووهم)تان هەبوو.
جگە لە سەرۆکی ئەمهریکا جۆ بایدن، ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆماری فەرەنسا، ئۆلێنا زێلێنسکی خانمی یەکەمی ئۆکرانیا و شا فلیپی شەشەم و شاژنە لیتزیای هاوسەری، سەردانی تەرمی شاژنی بەریتانیا ئێلیزابێسی دووهمیان کرد.
شاژنی بەریتانیا ئێلیزابێسی دووهم، رۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی بالمۆرال لە ناوچەی ئابریئندنشیری سکۆتلاند گیانی لەدەستدا.
تەرمی شاژنە ئێلیزابێس، رۆژی 13ـی ئەیلوول هێندرایە لەندەن و بڕیاره سبهی لە رێوڕەسمێکدا لە کڵێسای ئابێی لە ویستمنیستەر بنێژرێت.