چوارچێوەی هەماهەنگی: کاندیدی ئێمە لەلایەن کورد و سوننە قبووڵکراوە

"ئەگەری گۆڕانکاری گەورە لە ئارادایە"
کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی - ئەرشیف
کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی - ئەرشیف

K24 - هەولێر

چوارچێوەی هەماهەنگی جەختدەکاتەوە، محەمەد شیاع سوودانی هێشتا کاندیدی ئەوانە بۆ سەرۆک وەزیران و لەلایەن کورد و سوننەشەوە قبووڵکراوە.

عەلی فەتلاوی، ئەندامی هاوپەیمانێتی فەتح، کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "محەمەد شیاع سوودانی، نوێنەرایەتی نێوماڵی شیعە دەکات بۆ کاندیدی سەرۆک وەزیران و لەلایەن کورد و سوننەش هەڵوێستی ئەرێنی هەیە و قبووڵکراوە".

گوتیشی "ئەگەری زۆر هەیە رۆژانی داهاتوو گۆڕانکاری گەورە رووبدات، بە ئاراستەی دەرچوون لەو قەیرانە سیاسییەی ئێستا کە عێراق تێیکەوتووە، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت".

ئەو پەرلەمانتارەی فەتح ئاماژەی بەوەشداوە "پێکهاتەی شیعە دەستێوەردانی لە کاندیدانی کورد و سوننە نەکردووە، بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار، نابێت ئەوانیش دەستێوەردان لە کاندیدی شیعە بکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران".

ئەمە لەکاتێکدایە لایەنەکانی بەشدار لە پەرلەمانی عێراق، لە چاوەڕوانی تەواوبوونی چلەی ئیمام حوسێندا بوون، بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. ئەمەش دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، کە هەڵوەشاندنەوە ئەنجومەنی نوێنەران لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراقی رەتکردەوە.