100 زیارەتکاری ئێرانی لە عێراق مردوونە

K24 – هەولێر

باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق رایگەیاند، نزیکەی 100 زیارەتکاری ئێرانی لە رێورەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێندا گیانیان لەدەستداوە.

محەمەد کازم ئال سادق، لە لێدوانیدا بۆ ئاژانسەکانی دەنگوباسی ئێرانی، "رووداوی هاتوچۆ، نەخۆشی و پیری" بە هۆکارەکانی مردنی زیارەتکاران ناوهێناوە.
بە پێی قسەکانی باڵیۆزی ئێران لە ئەمەریکا، "ژمارەیەکی کەم لە زیارەتکارانیش بێسەروشوێنن یان بنەماڵەکانیان بزرکردووە". ئەو، هیچ ئامارێکی لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو.

لە رۆژانی رابردوودا و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی چلەی ئیمام حوسێن، چەندین هەواڵ لەبارەی مردنی زیارەتکارە ئێرانییەکانەوە بڵاوبووەوە. لە گەورەترین رووداودا بە هۆی تەقینەوەی تانکیی غازی پاسێک، 11 کەس گیانیان لەدەستدا و 31 کەسی دیکەش برینداربوون.

بە پێی راپۆرتی پزیشکی دادی ئیلام، 10 لە مردووان ئێرانین.

بەرپرسانی پەیوەندیدار لە ئێران، بڵاویانکردووەتەوە کە ئەمساڵ زیاتر لە پێنج ملیۆن زیارەتکاری ئێرانی لە رێگەی حەوت دەروازەی سنووری فەرمییەوە، بۆ بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن، سەردانی عێراقیان کردووە.