رۆژهەڵاتی کوردستان مانی گرت

K24- هەولێر

دانیشتووانی زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئیران، بازاڕ و دووکانەکانیان داخست و لە ماڵەوە مانەوە، شەقام و کۆڵانەکان چۆلن و ئەوەی بەدی دەکرێت، هێزێکی زۆری سەربازی و ئەمنییە.

بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لەلایەن چالاکانی مەدەنییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، مانگرتن و داخستنی دووکان و بازاڕ لە شارەکانی سنە، مەریوان، دێولان، سەقز، بانە، بۆکان، مهاباد، سەردەشت، شنۆ و جوانڕۆ  بەڕێوەچووە.

لەسەر داوای ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە کوژرانی کچێکی کورد لە لایەن پۆلیسی تارانەوە، دووکان و بازاڕ لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داخراون. لە بەرانبەریشدا کۆماری ئیسلامیی ئیران هێزێکی زۆری سەربازی و ئەمنیی لە ناو شارەکاندا بڵاو کردووتەەوە.

ژینا ئەمینی، کچێکی 22 ساڵە کورد بوو کە دوو کاتژمێر پاش ئەوەی لە شاری تاران لە لایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە دەستبەسەر کرا، رەوانەی نەخۆشخانە کرا و پاش دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

مردنی ژینا ئەمینی، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە و خۆپێشاندان لە شارەکانی سەقز و سنە و چەند شارێکی دیکە بەڕێوەچوو.  

مەسعود کوردپوور بەرێوەبەری ئاژانسی دەنگوباسی موکریان، لەبارەی مانگرتنی گشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کوردستان24 قسەی کرد و گوتی: ئەمە نیشانەی تووڕەبوونی خەڵکە لە سیستەمی سیاسی وڵات.

کوردپوور دەڵێ: سەرەڕای ئەوەی کەلێنی زۆر لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دروستبووە، دیسانیش حکومەت ئامادە نییە چاکسازی بکات.

ئەو، ئاماژەی بە هەڵوێستی ریفۆرمخوازانی ئێرانی لەبارەی کوشتنی ژینا ئەمینی و مەحکومکردنی ئەو تاوانەی کرد و دووپاتیکردەوە کە "دەسەڵاتداران تەنانەت خۆشیان لە خۆیان رازی نین".