پرسەی شاژنە ئێلیزابێسی دووەم.. یەکێك لە گەورەترین کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکان لە مێژوودا

.
.

K24 - هەولێر:

سەدان سەرکردە و ئەندامی خێزانە شاهانەکان لە سەرانسەری جیهانەوە هاتوونەتە لەندەن بۆ بەشداریکردن لە پرسەی شاژنە ئێلیزابێسی دووەم، ئەمەش پرسەکە دەکاتە یەکێك لە گەورەترین کۆبوونەوە دیپلۆماسیییەکان لە مێژوودا.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە (19ـی ئەیلوولی 2022) پرسەی شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا لە کەنیسەی وێستمینستەر بەڕێوەبچێت، کە جێگەی نزیکەی 2000 کەس دەبێتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی BBC، جگە لە ئەندامانی خێزانی شاهانە و کەسایەتییە سیاسی و دیارەکانی بەریتانیا، زیاتر لە 500 میوانی پلە باڵا بەشداری لە پرسەی شاژنە ئێلیزابێسی دووەمدا دەکەن.

لەو نێوەندەدا نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەسەر بانگهێشتى فەرمیى حکومه‌تی به‌ریتانیا، بۆ بەشدارى لە رێوڕەسمى ماڵئاواییکردن له‌ شاژن ئێلێزابێسى دووەم، دوێنێ یەکشەممە (18ـی ئەیلوولی 2022)‌ گەیشتە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا.

نێچیرڤان بارزانی لەم سەردانەیدا لەگەڵ سەرکردە و رێبەرانی وڵاتانی جیهان، بەشداری لە رێورەسمی ماڵئاوییکردن لە شاژنە ئێلیزابێسی دووەم دەکات و ئامادەى کۆڕ و کۆبوونەوەکانى ئەو بۆنە فه‌رمییە دەبێت.

دیارترین سەرکردەکان کە بانگهێشتی پرسەکە کراون:

- ئۆلینا، هاوسەری ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا

- جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

- ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

- جایر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی بەڕازیل و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.

- وانگ چیشان، جێگری سەرۆککۆماری چین

ئەو وڵاتانەی بانگهێشتنەکراون:

- رووسیا و بێلارووس

- سوریا و ئەفغانستان

 - میانمار و ڤەنزوێلا

ئەو وڵاتانەی تەنیا لەسەر ئاستی باڵیۆزەکانیان بانگهێشتکراون:

- ئێران

- نیکاراگوا

- کۆریای باکوور

شاژنی بەریتانیا ئێلیزابێسی دووه‌م، رۆژی پێنجشەممە (8ـی ئەیلوولی 2022) لە کۆشکی بالمۆرال لە ناوچەی ئابریئندنشیری سکۆتلاند گیانی لەدەستدا.

شاژنە ئێلیزابێس، رۆژی 13ـی ئەیلوول گەیەندرایە لەندەن و ئەمڕۆ لە تەنیشت گۆڕی شازادە فیلیپی هاوژینی بەخاک دەسپێردرێت.