قوباد تاڵەبانی سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کرد

بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان تاووتوێ کرا
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ

K24 - سلێمانی:

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کرد و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەبارەی هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان گفتوگۆیان کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە (19ی ئەیلوولی 2022) وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کرد، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ تیمی وەزارەت تایبەت بە ستراتیژی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان".

ئاماژە بەوەشدراوە، کە قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکردووە، "رۆڵی وەزارەتی ناوخۆ لە پرسەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە گشتی و دژ بە ئافرەت و خێزان جێگەی بایەخە" هەروەها جەختی لە گرنگی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی کردەووەتەوە، لە دیدی جەنابی سەرۆکی حکومەت و تیمی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، چونکە بابەتێکی هەستیارە و کاریگەری لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی هەیە.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، پلان و بەرنامە و تێگەیشتنی وەزارەتی ناوخۆی بۆ پرسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی روونکردنەوە، هەروەها فێنک شەفیق حەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەت و خێزان، پوختەی کار و چالاکی بەڕێوەبەرایەتییەکەی و ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی لە رێگای دامەزراوەکەیان هەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خستەڕوو.

.
.