كازمی: قەیرانی سیاسی عێراق سەختە

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەرەو نیویۆرک بەڕێدەکەوێت.

له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا مسته‌فا كازمی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا کارمانکردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروستبکەین.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، ئاستی ئامادەیی عێراقمان لە کۆڕ و کۆڕبەندەکانی نێودەوڵەتی بەرزکردووه‌تەوە و هاوکاری و هاوبەشیمان لەگەڵ هەموو لایەک پتەوکردووە.

كازمی ده‌شڵێت: "قەیرانی سیاسی ئێستا سەختە، بەڵام هێشتا دەرگاکانی چارەسەر کراوەن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، قەیرانی سیاسی پێویستی بە دیالۆگێکی ئارام و راشکاوانە هەیە.

داواشی لە هێزە سیاسییەکان كرد، پشت بە زمانی دیالۆگ و عەقڵ ببەستن.

رۆژی 29ـی ئابی 2022، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا دەستبەرداربوونی خۆی لەکاری سیاسی راگه‌یاند و، ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای دەستبەرداربوونی لە کاری سیاسی، بەڵام نەجەف هەردەم وەك مەرجەعی گەورە دەمێنێتەوە.

هەر لە میانی ئەم بڕیارەدا سەدر داوایکرد، زۆربەی دامودەزگاکانی سەر بە رەوتەکەی دابخرێن.

بڕیارەكه‌ی سەدر دوای ئەوە هات، رۆژی 29ـی ئابی 2022،  کازم حائیری، کە بە مەرجەعی رەوتی سەدر لە عێراق دادەنرێت، رایگەیاند، بەهۆی نەخۆشییەوە توانای کاری ئایینی نه‌ماوه‌ و داوای لەلایەنگرانی كردووه‌، پابەندی رێنماییەکانی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران بن.

لە بارەی ئەم بڕیارەی کازم حائیری، موقتەدا سەدر گوتی: "بڕیارەکەی کازم حائیری ئارەزوومەندانە نییە".

دوای تویته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در، رۆژی 29ـی ئابی 2022، لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و هێرشیانكرده‌ سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا، داوای رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئێستایان ده‌كرد.

شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان چه‌كدارانی سه‌ره‌یا سه‌لام، باڵی سه‌ربازی ره‌وتی سه‌در و لایه‌نگرانی چوارچێوه‌ی هه‌مانگی روویدا، به‌وهۆیه‌وه 30 خۆپیشانده‌ر گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر له‌ 300 هاووڵاتیی تریش برینداربوون.