یەکێتی ئەوروپا کوشتنی ژینا ئەمینی سەرکۆنە کرد

"ئەوەی بەسەر مەهسا [ژینا] هاتووە، جێگەی قبووڵ نییە"

K24 – هەولێر

یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا، کوشتنی ژینا ئەمینی سەرکۆنە کرد و دووپاتیکردەوە، "ئەوەی بەسەر ئەو هاتووە، جێگەی قبووڵ نییە و دەبێ بکەرانی وەڵامدەر بن".

لە بەیاننامەکەی یەکێتی ئەوروپادا هاتووە، "پێویستە بەرپرسانی ئێران لەوە دڵنیا ببنەوە کە مافی خەڵک دەپارێزرێت و ئەوانەی لە ژێر هەر ناوێک دەستگیرکراون، بە هیچ شێوەیەک هەڵسوکەوتی خراپیان لەگەڵ نەکرێت".

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا داوای کردووە "بەزووترین کات" لێکۆڵینەوەی ئاشکرا بۆ دەرکەوتنی راستییەکان ئەنجام بدرێت.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسادا هاتووە، "گرتن و مردنی مەهسا [ژینا] ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی ئێران، رایچڵەکاندین. فەرەنسا ئەو گرتن و توندوتیژییەی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی، مەحکوم دەکات".

رۆژی 13ـی ئەیلول، ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بە هۆی "رەچاونەکردنی باڵاپۆشی"، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاران دەستگیرکرا و دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ـی مانگ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ناو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکسپێدرا.

پۆلیسی تاران، رایگەیاندووە کە ژینا بە هۆی "جەڵتەی دڵ" گیانی لەدەستداوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەوەی رەتدەکەنەوە و باوکی ژینا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، هەموو ئەو قسانەی رەتکردەوە و گوتی، توندوتیژی بەرامبەر بە کچەکەی کراوە.

کوژرانی ژینا ئەمینی کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە. هەر لە رۆژی ناشتنی ژینا ئەمینییەوە، خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 19ـی ئەیلول، مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و بەشێک لە دانیشتووانی شارەکانی تاران، کەرەج و مەشهەد خۆپێشاندانیان کرد.

خۆپێشاندانەکان گرژیان تێکەوت و بە پێی زانیارییە نافەرمییەکان، کوژرا و بریندار لە ناو خۆپێشاندەراندا هەیە.